هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا کۆمەڵێک ڕێنمایی توندی بۆ پاراستنی ئاسایشی زانیاری بڵاوکردەوە، کە تێیدا جەخت لەسەر سزادانی هەر سەرپێچیکارێک دەکاتەوە.
گرنگترین خاڵەکانی بڕیارەکە:
١. قەدەغەی میدیا: هاتنی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بۆ ناو بارەگا سەربازییەکان و گرتنی وێنە و ڤیدیۆ بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
٢. بێدەنگیی ئەفسەران: لێدوان و پێدانی زانیاری بە میدیاکان لەلایەن فەرماندە و پێشمەرگەکانەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کرا.
٣. سۆشیال میدیا و سەنگەر: بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ناو سەنگەر و بارەگاکان لە فەیسبووک و تیکتۆک قەدەغەیە و چاودێریی وردی ئەکاونتەکان دەکرێت.
٤. سزای توند: هەر ئەفسەر یان پێشمەرگەیەک پابەند نەبێت، ڕووبەڕووی توندترین سزای سەربازی و کارگێڕی دەبێتەوە.
٥. ڕاپۆرتکردنی پەیجەکان: داوا لە پێشمەرگەکان کراوە هەر پەیجێک بە ناوی پێشمەرگەوە زانیاریی سەربازی بڵاودەکاتەوە، لینکی بنێرن بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی.
دەقی راگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەرگە:
بۆ گشت ئەفسەر و پێشمەرگەکان
١. جەخت دەکەینەوە، کە بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نیە راگەیاندنەکان بێنە ناو بارەگاو شوێنە سەربازییەكانتان، بۆ ئەم مەبەستە داوا لە كەناڵ و میدیاكان دەكەین خۆیان بە دوور بگرن لە گرتنی وێنەو ڤیدیۆی بارەگا سەربازییەكان.
٢. لێدوان و پێدانی زانیاری بە ڕاگەیاندنەکان لە لایەن فەرماندەو ئەفسەران و پێشمەرگەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
٣. بە هەموو شێوەیەک بڵاوکردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ و زانیاری تایبەت بە سەنگەر و بارەگاکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پۆستکردنیان قەدەغەیە.
٤. بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی زانیاری، تکایە هەر پەیج و ئەکاونتێک دەبینن کە بە ناوی پێشمەرگەوە زانیاریی سەربازی بڵاو دەکاتەوە، لینکی پەیجەکەمان بۆ بنێرن تاوەکو لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر.
٥. هەر ئەفسەر و پێشمەرگەیەک پێشێلی ڕێنماییەکان بکات، ڕووبەڕووی توندترین سزای سەربازی و کارگێڕی دەبێتەوە و لەمبارەیەوە چاودێری وردی سۆشیال میدیا دەکرێت.
٦. پێویستە ئەفسەرانی راگەیاندن و هۆشیاری لە یەكە سەربازییەكان، ئۆپەراسیۆنەکان، هەواڵگری، چاودێری وردی تەواوی جموجوڵەکانی پێشمەرگە و ئەفسەران بکەن و هەروەها ئەو ڕێنماییانە پەخش بکەن.
٧. ئێمەش لە بەرێوەبەڕایەتی گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتێمانی چاودێری وردی سۆشیال میدیا دەكەین بۆ هەر سەرپێچییەك لەم خاڵانە و وەرگرتنی رێكاری سەربازی و یاسایی بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرووی خۆمان.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی
وەزارەتی پێشمەرگە
٢٤ی ئاداری ٢٠٢٤