دواین هەواڵ

جیهان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

عێراقچی: گەرووی هورمز کراوەیە و تاران داوای کۆتاییهێنانی گشتگیر بە شەڕ دەکات

هەرێم نیوز

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی "کیۆدۆ نیوز"ی ژاپۆنی ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی گەرووی هورمزی دانەخستووە و هاتوچۆی دەریایی تێیدا ئاساییە.

وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژەکردن بە هێرشەکانی کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردووی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئاشکرای کرد کە تاران بە دوای "ئاگربەست"دا ناگەڕێت، بەڵکو داوای "کۆتاییهێنانی تەواوەتی، گشتگیر و بەردەوامی شەڕ" دەکات.

 وتیشی کە ئێران داواکارییەکانی بۆ ئاگربەستی کاتی ڕەتکردووەتەوە و هەر ڕێککەوتنێک بەستراوەتەوە بە وەرگرتنی گەرەنتی دژی هێرشەکانی داهاتوو و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان.

عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد کە چەندین وڵات هەوڵی نێوەندگیری دەدەن و ئێران "پێشوازی لە هەر دەسپێشخەرییەک دەکات" و ئامادەی تاوتوێکردنی پێشنیازەکانە، بەڵام ئەمریکا هێشتا ئامادەیی خۆی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕاستەقینە نیشان نەداوە.

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەم جەنگەی وەک "سەپێندراو بەسەر ئێراندا" وەسف کرد و وتی کاتێک هێرشەکان دەستیان پێکرد، تاران خەریکی گفتوگۆ بوو لەگەڵ واشنتن. دووپاتیشی کردەوە کە وەڵامەکانی ئێران بەرگرییە لە خۆی و "تا هەر کاتێک پێویست بکات" بەردەوام دەبن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP