دواین هەواڵ

عێراق‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

بریتش پترۆلیۆم کارمەندەکانی لە کەرکووک دەکێشێتەوە

هەرێم نیوز

کۆمپانیای بریتش پترۆلیۆم (BP)ی بەریتانی بڕیاری داوە ژمارەیەک لە کارمەندەکانی خۆی لە کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک بکێشێتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی بەغدا بۆ خستنەگەڕی بۆریی کەرکووک و جەیهان.

ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی 3ـی 2026، سەرچاوەکان لە کۆمپانیای نەوتی باکوور ئاشکرایان کرد کە کۆمپانیای بریتش پترۆلیۆمی بەریتانی بەهۆی دۆخی جەنگەوە ژمارەیەک لە کارمەندەکانی لە کێڵگەکانی کەرکووک کێشاوەتەوە.

ئەم کشانەوەیەی کۆمپانیا بەریتانییەکە لە کاتێکدایە کە بەم دواییە لە چوارچێوەی گرێبەستێکدا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق گەڕابووەوە بۆ کارکردن بە مەبەستی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوت لە کەرکووک.

هەروەها ئەم پاشەکشەیەی کارمەندانی ئەو کۆمپانیایە هاوکاتە لەگەڵ پلانی وەزیری نەوتی عێراق کە دەیەوێت لە ماوەی یەک هەفتەدا هێڵی بۆریی کەرکووک و جەیهانی تورکیا بخاتەوە کار بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە.

ئەم هەنگاوانەی حکومەتی بەغدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەناردەی نەوتی عێراق لە باشوور و لە ڕێگەی دەریاوە بە تەواوەتی ڕاوەستاوە و ئێستا چاوی لەوەیە هەناردەی نەوت لە باکوورەوە زیاد بکات.

بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە و بەکارهێنانی هێڵی بۆریی نەوتی کوردستان، بەغدا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان تووشی ناکۆکی بووە سەبارەت بە چۆنیەتیی بەڕێوەبردن و بەکارهێنانی ئەو بۆرییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP