هەرێم نیوز
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ١٤ی ئازاری ٢٠٢٦، هێرشێکی نوێ کرایە سەر باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی ناوەڕاستی شاری بەغدا.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکە لە ڕێگەی درۆنێکی خۆکوژەوە ئەنجامدراوە و زیانی بە باڵەخانەی باڵیۆزخانەکە گەیاندووە.
گەواھیدەرانی ڕووداوەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە دوکەڵێکی زۆر لە ناو حەوشە و باڵەخانەکانی باڵیۆزخانەکەوە بەرزبووەتەوە و دەستبەجێ زەنگی ئاگادارکردنەوە و مەترسی لە ناوچەی سەوز لێدراوە. تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی ئاماری وردی دەربارەی زیانە گیانییەکان یان قەبارەی زیانە ماددییەکان بڵاونەکردووەتەوە.
ئەم پێشهاتە ئەمنییە دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشتر هۆشداری دابووە فەرمانبەرانی نێردە دیپلۆماسییەکانی کە پێویست نییە لە عێراق بمێننەوە، داوای لێکردبوون بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و هەڕەشە بەردەوامەکان، خاکی عێراق جێبهێڵن.
ئاژانسی فرانس پرێسیش لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەم هێرشە پەکخستنی کارە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بووە لە بەغدا.