دواین هەواڵ

عێراق‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

بەغدا یەکەم کاروانی هاووڵاتیانی لە میسرەوە گەڕاندەوە و هەوڵی هێنانەوەی ئەوانی دیکەش دەدات

هەرێم نیوز

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەستی بە پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانە کرد کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە لە چەند وڵاتێکی دەرەوە گیریان خواردبوو، و یەکەم کاروانیشیان بە سەلامەتی گەیشتنەوە ناوخۆی وڵات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی 3ـی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد کە توانیویانە یەکەم کاروانی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی لە وڵاتی میسر گیریان خواردبوو، بە سەرکەوتوویی و لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی عەرعەری سعوودییەوە بگەڕێننەوە بۆ ناوخۆی وڵات.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ئێستادا ئامادەکاریی تەواو دەکرێت بۆ ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەش بگەڕێندرێنەوە کە لە وڵاتی هیندستان گیریان خواردووە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی سەردانی نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتەیان کردبوو، هەر لەم چوارچێوەیەشدا وەزارەتەکە لە پەیوەندیی بەردەوامدایە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییانەشی کە لە لوبنان ماونەتەوە و هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەی وڵاتی ئوردنەوە بیانگوازنەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق پابەندبوونی تەواوی خۆی دووپات کردەوە بەوەی کە هەموو هەوڵێکی پێویست دەدات بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو هاووڵاتییانەی عێراق کە لە دەرەوەی وڵات ماونەتەوە، ئەمەش بە هەماهەنگیی تەواو و کاری هاوبەش لەگەڵ سەرجەم دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا ئەنجام دەدرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP