هەرێم نیوز
لیندسی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، هۆشدارییەکی بێوێنە و ئاگرین ئاراستەی تاران دەکات و ڕایدەگەیەنێت، کە قۆناغی داهاتووی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران زۆر "چڕتر و کوشندەتر" دەبێت.
گراهام لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز) ئاشکرای کرد، کە جیهان شایەدی کردەی سەربازیی زۆر بەهێزتر دەبێت دژی کۆماری ئیسلامی. ئەو سیناتۆرە بە زمانێکی توند گوتی: "ئێمە دەسەڵاتدارانی ئێران وردوخاش دەکەین؛ ڕژێمەکە لەسەرەمەرگدایە و بەم زووانە دەکەوێتە سەر چۆک. تەنیا چاوەڕێ بن و بزانن لە دوو هەفتەی داهاتوودا چی ڕوو دەدات."
سەبارەت بە پرسی جێگرتنەوەی عەلی خامنەیی، گراهام لە هەژماری خۆی لە (X) بە توندی دژی گەیشتنی موجتەبا خامنەیی بە کورسیی دەسەڵات وەستایەوە. ئەو ڕایگەیاند کە کوڕی خامنەیی نوێنەرایەتیی ئاواتەکانی گەلی ئێران ناکات، بەڵکو کەسێکە لەسەر مەینەتییەکانی خەڵک سوودمەند بووە لە دەسەڵات. گراهام پێشبینی کرد کە تەواوی سیستەمی فەرمانڕەوایی لە تاران بەرەو "هەرەسهێنانی کۆتایی" دەچێت.
گراهام پەیامێکی ئاراستەی هاووڵاتیانی ئێرانیش کرد و مژدەی "نزیکبوونەوەی ئازادی" پێدان. ئاماژەی بەوە کرد کە ڕووخانی ئەم ڕژێمە دەبێتە بناغەی دروستبوونی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ، کە تێیدا داهاتی نەوت بۆ ئاوەدانکردنەوە و خزمەتی خەڵک بەکاردێت نەک بۆ شەڕانگێزی.