هەرێم نیوز
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، چەند هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد، کە پەیوەست بوون بە ئاسایشی کەشتیوانی و پاراستنی هاووڵاتیانی فەڕەنسی.
ماکرۆن لە گفتوگۆکەدا جەختی لەسەر پێویستیی "کۆتاییهێنان بە داخستنی گەرووی هورمز" کردەوە. داوای لە تاران کرد گەرەنتیی تەواو بدات بۆ ئازادیی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی و ئاسایشی ئاوەکان نەخاتە مەترسییەوە. هەروەها داوای کرد ئێران دەستبەجێ هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە ڕابگرێت.
سەرۆکی فەڕەنسا پرسی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی لە ناو تاران بە هەستیار وەسف کرد و ڕایگەیاند:
"دڵنیابوون لە سەلامەتی و گەڕانەوەی (سیسیل کۆهلەر و جاک پاریس) کە ئێستا لە باڵیۆزخانەی فەڕەنسادان لە تاران، لە پێشینەی کارەکانی پاریسدایە."
ئەم پەیوەندییەی ماکرۆن لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەرانە لە داخستنی ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکان لەلایەن ئێرانەوە، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕی وزە و ئابووریی جیهانی هەیە.