هەرێم نیوز
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا، لە پەیامێکی فەرمیدا پیرۆزبایی لە موجتەبا خامنەیی کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پشتیوانیی تەواوی وڵاتەکەشی بۆ تاران دووپاتکردەوە.
بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی ڕوسیا، پوتین لە پەیامەکەیدا بۆ موجتەبا خامنەیی نووسیویەتی: "جوانترین پیرۆزباییم قبوڵ بکە بەبۆنەی هەڵبژاردنت وەک ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران." سەرۆکی ڕوسیا هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئەرکە قورسانەی لەم ساتە وەختەدا لەبەردەمیدایە.
پوتین تیشکی خستووەتە سەر بارودۆخی هەستیاری ناوچەکە و ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئێستادا کە ئێران ڕووبەڕووی "دەستدرێژیی چەکداری" دەبێتەوە، چالاکییەکانی ڕێبەری نوێ لەم پۆستەدا پێویستی بە ئازایەتییەکی زۆر و لەخۆبردویی دەبێت. لە کۆتاییدا هیوای تەندروستی و هێزی دەروونی بۆ موجتەبا خامنەیی خواستووە.
ئەم پەیامەی پوتین دوای ئەوە دێت کە شەوی ڕابردوو ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، مەجلیسی شارەزایانی ڕێبەری، موجتەبا خامنەیی کوڕی عەلی خامنەییان بە دەنگی یەکلاکەرەوە وەک سێیەمین ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی هەڵبژاردووە.