هەرێم نیوز
بۆ جاری دووەم لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، تورکیا خستنەخوارەوەی مووشەکێکی ئێرانی ڕاگەیاند و هۆشداریش دەدات کە هەموو ڕێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی وڵاتەکەی دەگرێتە بەر.
ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا زانیاریی نوێی لەسەر تێکشکاندنی مووشەکێکی ئێرانی بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا ڕوونیکردووەتەوە کە سیستەمەکانی بەرگریی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست مووشەکێکی بالیستیی ئێرانییان تێکشکاندووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەشێک لە پاشماوەی مووشەکەکە لە پارێزگای غازی عەنتاب لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا کەوتووەتە خوارەوە.
وەزارەتەکە دڵنیاییشی داوە کە کەوتنەخوارەوەی پاشماوەکان هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
هاوکات جەختی کردووەتەوە کە هەموو هەنگاوێکی پێویست دەگرنە بەر دژی هەر هەڕەشەیەک کە ڕووبەڕووی وڵاتەکەیان دەبێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا هۆشداریی توندی دایە هەموو لایەنەکان.
بە تایبەتیش هۆشداریی داوەتە ئێران لە گرتنەبەری هەر هەنگاوێک کە هەڕەشە لە ئاسایش و هاووڵاتییانی مەدەنی بکات.