هەرێم نیوز
هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بنکەی ئاسمانی "رامات داوود"ی لە باکوور کردەوە و پەردەی لەسەر نهێنییەکانی ئەو هێرشە چڕانە لادا کە لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران ئەنجام دەدرێن.
ئەم پلانە سەربازییە بە مەبەستی بڕینی هەناسەی "هێزەکانی دوژمن" داڕێژراوە، بە شێوەیەک کە بۆردومانەکان بە وردییەکی زۆر و بە شێوەی سوپرایز 24 کاتژمێر بەبێ پچڕان بەردەوامن.
فەرماندەی بنکەکە رایگەیاند کە تاران لێکۆڵینەوەی قووڵی بۆ جەنگی 12 رۆژەی مانگی حوزەیرانی رابردوو کردبوو، بەڵام پلانی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل توانی سەرجەم ئامادەکارییەکانی ئێران پوچەڵ بکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، سەدان فڕۆکەی جەنگی بە شێوەیەکی هاوکات لە ئاسمانی ئێران دەرکەوتوون و هەریەکەیان ئامانجی دیاریکراوی خۆیان پێکاوە بۆ ئەوەی شوکێکی گەورە بە سیستمە بەرگرییەکان بگەیەنن.
هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل (AMAN) ئاشکرای کردووە کە لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا بانکی ئامانجەکانیان لە ناو ئێراندا دوو هێندە کردووە و زانیاری وردیان لەسەر هەر خاڵێک کۆکردووەتەوە.
لە کاتی هێرشەکاندا، ئێران هەوڵیداوە شوێنی هاوێشتنی مووشەکە بالیستییەکان چاک بکاتەوە، بەڵام فڕۆکەوانەکان دەستبەجێ ئەو ئامێرانەشیان کردووەتە ئامانج و لەکاریان خستوون.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە قورسە، فڕۆکەوانەکان دەبێت لە شەو و رۆژێکدا 3 جار گەشت بۆ ناو قووڵایی ئێران بکەن، ئەمەش وای کردووە پەنا بۆ بەکارهێنانی دەرمانی "مودافینیل" بەرن.
ئەم دەرمانە یارمەتی فڕۆکەوانەکان دەدات تەنانەت دوای 40 کاتژمێر بێخەویش بە ئاگایی و تەرکیزێکی زۆرەوە بمێننەوە، بەبێ ئەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر جووڵە و بڕیارەکانیان هەبێت.
بەکارهێنانی ئەم جۆرە دەرمانانە لە ناو سوپا پێشکەوتووەکانی جیهاندا وەک ئەمریکا و بەریتانیا باوە، چونکە بە شێوەیەکی دیاریکراو کار لەسەر ئەو بەشانەی مێشک دەکات کە بەرپرسن لە خەو و بەئاگابوون.