هەرێم نیوز
ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکی هاوبەشدا بۆ جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز باسی لە تێپەڕاندنی سێ جەنگی سەخت لە ساڵی ڕابردوودا کرد و دروشمی ساڵی نوێی ئێرانیشی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ هەینی 20ی ئاداری 2026 ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامێکی فەرمیی بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزان و جەژنی نەورۆزەوە بڵاوکردەوە.
لە سەرەتای پەیامەکەدا ڕێبەری ئێران پیرۆزبایی هاتنی هەردوو جەژنی ئایینی و نەتەوەیی لە تەواوی گەلی ئێران و موسڵمانانی جیهان کردووە.
هەروەها پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بۆ خێزان و کەسوکاری کوژراوانی ئەو سێ جەنگە ڕاگەیاندووە کە لە ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی وڵاتەکەیان بوونەتەوە.
ناوبراو ئاشکرای کردووە کە لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوودا ئیسرائیل بە هاوکاریی ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر فەرماندە و زانا دیارەکانیان و نزیکەی هەزار کەسیان لێ کوشتوون.
لەبارەی جەنگی دووەمەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە مانگی بەفرانباردا دوژمن هەوڵی کودەتای داوە و ویستوویەتی کێشە ئابوورییەکان بۆ دروستکردنی ئاژاوە و کوشتاری هاووڵاتییان بەکاربهێنێت.
باسی لە جەنگی سێیەمیش کردووە کە تاوەکو ئێستا بەردەوامە و تێیدا ڕێبەری باڵای پێشووی ئێران و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و سەربازەکانیان گیانیان لەدەست داوە.
ڕێبەری ئێران ستایشی ئامادەیی گەلەکەی و هەوڵەکانی سەرۆککۆمار و بەرپرسانی وڵاتەکەی کردووە بۆ پاراستنی یەکڕیزیی نێوان حکومەت و خەڵک لە بەرامبەر پیلانەکانی دوژمندا.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دروشمی ساڵی نوێی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە بریتییە لە ئابووریی خۆڕاگری لە سێبەری یەکڕیزیی نیشتمانی و ئاسایشی نیشتمانیدا.
جەختی لەوەش کردووەتەوە کە باشترکردنی بژێویی ژیان و ژێرخان و بەرهەمهێنان تەوەری سەرەکیی کارەکانیان دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جەنگی ئابووریی دوژمن.
سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەش داوای بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی ئەفغانستان و پاکستان کردووە.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا ڕێبەری ئێران بەتەواوی ڕەتی کردووەتەوە کە هێزەکانی ئەوان لەپشت ئەو هێرشانەوە بووبێتن کە کراونەتە سەر خاکی تورکیا و عومان.