دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

قائانی: بە سەرکردایەتی موجتەبا خامنەیی، دوژمن تووشی شکستی گەورە دەکەین

هەرێم نیوز

ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران پەیامێکی ئاراستەی سەرکردەکانی بەرەی موقاوەمە کرد و ڕایگەیاند بە سەرکردایەتیی موجتەبا خامنەیی بەهێزتر لە جاران بەردەوام دەبن.

ئەمڕۆ هەینی 20ی ئاداری 2026 ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران پەیامێکی فەرمیی بۆ فەرماندە و سەرکردەکانی بەرەی موقاوەمە بڵاوکردەوە.

لە سەرەتای پەیامەکەیدا فەرماندەکەی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەرچی ئەمڕۆ ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لە ناویاندا نەماوە بەڵام هزر و بیروباوەڕەکانیان بەردەوام دەبن.

قائانی ڕوونی کردووەتەوە کە هزری شۆڕشی ئیسلامی و خومەینی و خامنەیی بە ئاڵاهەڵگریی سەید موجتەبا خامنەیی بەوپەڕی پتەوی و دەسەڵاتەوە درێژەیان دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دڵنیایی داوەتە سەرکردەکانی بەرەی موقاوەمە کە بەرەکەیان هەموو ڕۆژێک زۆر لە جاران توانادارتر و بەدەسەڵاتتر دەبێت.

ناوبراو جەختی لەوە کردووەتەوە کە کوژرانی فەرماندە و سەرکردەکانی ئەم بەرەیە دەبێتە هۆی گەشەکردنی نوێ و وەبەرهێنانی خوێنی تازە بە جەستەیاندا.

قائانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە بە هۆی خوێنی ئەو سەرکردە کوژراوانەوە ئەم بەرەیە زۆر بەهێزتر لە جاران درێژە بە خەبات و ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانیان دەدات.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا فەرماندەی فەیلەقی قودس هۆشداریی داوە کە بەم زووانە هەموو لایەک شایەدی شکستی گەورە و ئابڕووبەرانەی دوژمنەکانیان دەبن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP