دواین هەواڵ

ئایا کورد ڕەگەزپەرستە؟

‌ئاسۆ حاجی

پێش 4 هەفتە


زۆر جار باسی ئەوە دەکرێ، کە پەرچەکرداری کوردان، لە بەرامبەر کردارە هۆڤ و داگیرکاریەکانی داگیرکەران، بە ئاراستەی ڕسکانی گیانی ڕەگەزپەرستی دادەچێت، با پرسیارێک بکەین، ئایا میللەتی ژێردەست و داگیرکراو دەبنە ڕەگەزپەرست (racist - عنصري)؟
بە لۆژیک و دوور لە پەنا بردن بۆ چەمک و وشە و دەستەواژەی ناو فەرهەنگی سیاسی و پێناسە و چێوە یاساییەکانی ناو جاڕنامەکان، دەتوانین بە ئاسانی بڵێین، میللەتی ژێر دەستە هەرگیز ناچنە خانەی ڕەگەزپەرستان، چەندە پەرچەکرداریان بەرامبەر بە داگیرکەر و دوژمنانیان توند و دژوار بێت. بۆ ؟ بۆ وەڵامی ئەو (بۆ) یە، دۆز و خەباتی کوردان لە هەر چوار پارچەی کوردستان، ئەوەمان پێ دەڵێن، کە کورد لەوە زیاتری داوا نەکردووە، کە بێتە ئاستی میللەتانی سەر دەست (عەرەب، تورک، فارس)، هەموو هەوڵ و تێکۆشان و قوربانی دان و خەبات، بۆ نەهێشتنی ئەو جیاوازییە بووە، کە عەقلیەتی داگیرکاری لە نێوان میللەتی کورد و ئەو میللەتانی دیکەی دروست کردووە.
کاتێک کوردێک داوا دەکات، منداڵەکانی بە زمانی دایکی بخوێنن، چیە زیاتر داوا کردووە لەو عەرەب و تورک و فارسەی کە منداڵەکانیان بە زمانی دایکی دەخوێنن.
کاتێک کوردێک داوا دەکات، لە سەر ناسنامەکەی بنووسرێت کورد، چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ فەڕەنسیەک یان ئینگلیزێک کە لە ناسنامەکانیان دیارە ئەوان سەر بە چ نەتەوە و نیشتیمانێکن.
کە کوردێک دەڵێت، دەبێ بەخۆم بڕیار لە چارەنووسی خۆم بدەم، هەر ئەوە نیە کە هەموو نەتەوە و دەوڵەتان لە جاڕنامەکانی مافی مرۆڤ و یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریان لێداوە.
ئەو کاتەی کوردێک داوای سەربەخۆیی وڵاتەکەی دەکات، چی زیاتری داوا کردووە لە عەرەب و تورک و فارسێک کە شەڕ بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیان دەکەن.
دەبی ئەو ڕاستیە بزانین، کە میللەتی بن دەست هەرگیز نابنە ڕەگەزپەرست، ئەوانەی ئەو دەرفەت و شیانەیان هەیە میللەتانی سەردەستن، کە هێزی و تەوژمی ڕەگەزپەرستی بەر چاوی تاریک کردوون و لە خۆیان زیاتر کەس نابینن، تەماشای گوتاری فەرمی وڵاتانی عەرەب و تورک و فارس، هەروەها گوتاری میللی نەتەوەکانی عەرەب و تورک و فارس بکە، لە چ ئاست و جۆرێک دایە بەرامبەر بە نەتەوەیەکی ژێر دەست و مەزلومی وەک کورد!
ئەو پەرچەکردار و گیانی ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەران بە توندترین شێوە، چاوگی ڕسکانی هێزی مانەوە و بەردەوامی میللەتی کوردە، تا دەکرێت دەبێ بەهێزتر بکرێت و ببنە بنەمای پەروەردەی سیاسی هێزە کوردیەکان، تا ڕادەی خۆویستن و کرانەوە بەسەر یەکدی و داخران بەسەر ئەوانەی دیکە، کە هەوێنی (نەتەوەسازی)یێکی ئەوەندە توند بێت، موێک لە خۆپەرستی (ڕەگەزپەرستی)جیای بکاتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP