سوڕانەوەی درۆن بە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، غەرق کردنەوەی چەند ناوچەیەکی دەڤەری سلێمانی و هەلەبجە لە ناو تاریکیدا، یەک پەیامیان پێکدەهێنا. ئەویش جێبەجێکردنی ئەو هەڕەشەیەیە،کە چەند ڕۆژێکە، یەکێتی لە ڕێگای هەندێک نووسەر و سەرکردایەتی خۆی دووبارەی دەکاتەوە. ئەگەر پارتی بەبێ یەکێتی پەڕلەمان کارا بکاتەوە و کابینەی نوێ پێکبهێنێت، ئەوە قوفڵی کۆرمۆر دەگرنەوە و چیتر کارەبای بیست و چوار کاتژمێری نامێنێت، بەوەش شکست بە پڕۆژەیەکی حکومەت دەهێنن!
ئەو درۆنانەی شەوێ دی لە ئاسمانی کۆرمۆر دەسوڕانەوە، هەمان جۆری ئەو درۆنانە بوون، کە لالەزاریان پێ خاپور کرا. بەڵام دیار نیە لە هەمان شوێن هەڵدراون، یان برایانی بەرەی مقاوەمە وەک هەموو جارەکانی دیکە هاوکار بوون!
ئەوەی یەکێتی دەیکات، ترسناکە، دەرئەنجامەکەی بۆ خۆی لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان خراپتر دەبێت، بە تایبەتیش کە ئێستا لە میدیای فەرمی ئێرانی یەکێتی بە فەرمی لە ڕیزی فەسائیلەکانی بەرەی مقاوەمە داندراوە، و کورسیەکانیشی لە بەغدا ئەوان تەسەڕوفیان پێ دەکەن. ئەوەش یەکێتی تەنها بە یەک ئاراستە دەبات، کە ڕیزکردنی ناوەکەیەتی لە پاڵ ئەو شەش فەسیلەی بەرەی مقاوەمە، کە ناویان لە لیستی سزاکانی ئەمەریکایە.