دواین هەواڵ

کورد دەبێت ستایشی ئەمریکا بکات، نەک ڕەخنە

‌بەهرۆز جەعفەر

2 کاتژمێر پێش ئێستا

لەم مانگەدا زیاتر لە بیست کاتژمێر قسەکردنم لەسەر کەناڵە ئاسمانییەکان هەبوە، کە دێتە سەر ئەوەی بەشێوەیەکی زانستی و تیۆریی بڵێم "ئاستی ئەمریکا دابەزیوەو، سیستەمی جیهانیی بوەتە فرەجەمسەریی، ئەمریکا لە ناوەڕۆک و بەهاکانی خۆی [لیبراڵیزم] پاشەکشەی کردوەو، ترامپ نۆرم و نەزمە جیهانییەکان ناخوێنێتەوەو، ڕۆڵی دامەزراوەکان لە ئەمریکا نا-دیدە دەگرێت...ئیتر زمان گۆ ناکات، قسەی زیاتر ناوترێ..هەست و نەستی مرۆڤ داوا دەکات لەمە زیاتر "بێویژدانی یە" تۆی کورد ڕەخنە لە ئەمریکا بگریت:

* ناکرێت تۆ لەسەر کەناڵی ئاسمانی قسە بکەی، لەکاتێکدا کەناڵی ئاسمانی و مانگە دەستکردەکان و سەتەلایت بەرهەمی جیهانی مۆدێرن و ئەمریکاو خۆرئاوان، بەڵام بێی ڕەخنە لە ئەمریکا بگریت، لەسەر فەیسبووک شت بنووسی، کە داهێنانی ئەوانە و، ڕەخنە لە خۆرئاواو ئەمریکا بگریت! ئاخەر چۆن دەبێت تۆ سواری شەمەندەنەفەرێک بیت، پارەش نەدەی، کە دادەبەزیت، جنێوێکیش بە شۆفێرەکە بدەیت!

** تەنانەت لەناو ستۆدیۆ میوانی "کاک شەهرام میرحاج" بووم، لەو سێ کاتژمێرەی قسەکردنماندا، زیاتر لە چوارجار مێزەکەی بەردەممان دەلەرییەوە و زرمەی دەهات، بەهۆی هێرشی نا-مەردانەی گرووپە ملیشیا شیعییەکانی عێراقەوە!

***لەم مانگەدا من دەڵێم پەنجا جار و ڕەنگە زیاتر گوێم لە گرمەی بەهێز بوە [ بەوە نییە کە میدیاکان باسی ناکەن، هێرشەکان زۆرو ترسناکیشن] بەڵام سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی کە بەرهەمی ئەمریکاو هاوپەیمانانن، کە ئێمە دەپارێزن؛ ئەگەر ئەوە نەبوایە چی و چۆن دەبوو!؟ ژمارەی هێرشەکان تا ئەم چرکەیە بۆ سەر هەموو جێگەیەکی هەرێمی کوردستان (بە بێ جیاوازیی ناوچەکان) گەیشتوە بە (٤٧١) هێرشی درۆنی و مووشەکی! کێ ئەمە دەکات؛ بۆچی دەیکات!؟ ئەوانە هەر هەموویان دەزانن پرسی کورد لە جیهاندا هەڵکشاوەو، دەیانەوێ کورد سەرقاڵ بکەن بە بابەتی لاوەکی، یان بەم هێڕشانە چاوترسێنی کورد بکەن.

**** ئەمریکا بوو، ڕۆژئاوای کوردستانی لەدەست داگیرکەرانی کوردستان پاراست، ئەمریکا بوو لە باشوری کوردستان ناوچەی دژەفڕینی درووست کرد، بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشیان بۆ دەرکردین، ئێمە چووین شەڕی ناوخۆییمان کرد ئەوانبوون هاتن نێوبژیوانییان کردین، سەدامیان بۆ ڕووخاندین، دەستوریان بۆ عێراق نووسییەوەو، فیدراڵییان لە عێراق چەسپاند، ئەوان ئەو کەشەیان ڕەخساند کورد ببنە سەرۆ کۆمار، وەزیرەی دەرەوەو، سوپا سالار و... تادوایی لە عێراقدا. دوێنێ تۆم باراک [ کە دەوترا دوژمنی کوردە] بە دەق وتویەتی " پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەبێتە هۆی یەکخستنی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان"، میدیاکانی تورکیاو سۆشیال میدیاکانیان داوای دەرکردنی دەکەن لە وڵاتەکەیان! ئەمە بە ئاشکرا مانای ئەوەیە لە ڕیکخستنەوەی نوێی ناوچەکەو وێناکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێگەی کورد گەورەو گەشاوەیە، بەشێکی باشیان بۆ داناوە. ئەمریکاو بەهاکانی ئەمریکایە لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد (١٩٩١) ەوە سەدان هەزار کوردیی بردۆتە ناوەندو زانکۆکانی جیهان، ڕۆژنامەنووسی کورد لەناو کۆشکی سپی و نەتەوە یەکگرتوەکاندا دێت و دەچێت.. ئەمریکایە دەیان ساڵە هاوکاری هێزی پێشمەرگە دەکات و... تادوایی.

***** ئێران و میلیشیاکان و داگیرکەرانی کوردستان چییان بۆ کورد پێیە، جگە لە سەرکوتکردن، کوشتن، نانبڕین. ئێستا کە ئەم دێڕانە دەنووسم گوێم لە مووشەک و هێرشی ئەو تاریکپەرستانەیە کە چەند هەفتەیەکی دی تەمەنیان ماوە هێرش دەکەنە سەر هەولێری پایتەختی کوردستان... ناکرێت ژێر پێمان دەلەرێتەوە و گوێمان کاس بوە بە هێرشی هێرشە درۆنییەکانی ئێران و باڵەکانی لە عێراق، بڵێن ئێران دۆستمانە!؟ هەر بە لێدوانەکانی ئەردۆگان و هاکان فیدان و ئیبراهیم کاڵن دا دیارە، کە خۆری کورد لە ئاسۆی دەم کەلەو، ئەوانیش ڕەنگ زەرد، دانیشتوون بزانن کەی نۆبەیان دێت!

ئەو ڕۆژە دێت کە داگیرکەرانی کوردستان؛ ئەوانەیان حەز بە ئاوارەیی و برسێتی کورد دەکەن، ئەوانەیان کە چاوەڕێن بۆیان بلوێ دوو سبەی بە بێ کورد لە بەغدا تەنانەت سەرۆک کۆمارێک دابنەن، لە پەرلەماندا هاوار دەکەن، بەس مەگەر یاسای بودجە دەرنەکەین! ئەوانەی دەڵێن بەس ئەم دۆخە یەک تۆز یارمەتیمان بدات بە سەلامەتی دەربچین، خۆمان دەزانین چی دەکەین! ئەوانەیان بەفەرمی دەیانوت کورد بە خۆیان و چەکەکانیانەوە دەنێژین، ئا..ئەوانە جێگەیان تاریکستانی مێژوو دەبێت. تۆ قەت ئەمریکات بینیوە کوردێک بکوژێت؟ قەت بینیوتە مووشەکێک یان درۆنێک بنێت بە کێڵگەیەکی نەوت و گازی کوردستانەوە!؟ قەت مەلایەکی ئەمریکیت بینیوە لەسەر مینبەر فەتوای کوشتنی کورد بدات و بە جنۆکە ناوزەندیان بکات! هێشتا قەرەبووی ئەنفال و گازبارانی کوردیان نەکردوەتەوە، وادەزانن جارێکی دیکە ڕۆڵەکانی کورد ئەوەندە بێ چارەن بکەونە ناو داوی جەنگە دەروونی و میدیاییەکانیانەوە، هەڕەشەو ترسی دیکە درووست دەکەن.

ئەوەتا بە "ڕەو" ئۆتۆمبیلی حەشدی عێراقیی-شیعیی بە ڕێ کەتون بەناوی هاوکارییەوە بەرەو ئێران دەچن، بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەک هەڵسانەوەیەکی کوردیی و دیفاکتۆیەکی کوردیی درووست بێت، بەری پێ بگرن!

ئەمریکا خۆی بۆ وەشاندنی گورزێکی کاریگەر ئامادە دەکات، ئەو گورزە ئەگەر ئێرانیش دابەش نەکات، بە دڵنیاییەوە دەماری ئابوریی ڕژێمەکە دەپچڕێت و، ئاسایشی وزە لە بابولمەندەب و هورمز و کەنداو دەپارێزێت؛ چوونکە ئەگەر وانەبێت و نەکرێت بەڕاستی مرۆڤایەتی تەواو شەکەت دەبێت..

ئەوانەی ئەم هێرشانە بۆ سەر ئێمە دەکەن، ئێستا لە ژێر زەمیندان لە عێراق و تاران خۆیان حەشارداوە، کەچی ترامپ و ماکرۆن و یەکێتی ئەوروپا و کەنداو تەلەفۆن بۆ سەرکردەکانی کورد دەکەن و، بە زمانی کوردیی جەژنی نەورۆز لە کورد پیرۆز دەکەن.

ئەمەی دەیکەن، تەنها پەلەقاژەی کۆتاییانە، بە خوێندنەوەی بەیاننامەکانی حیزبوڵای لوبنان و عێراقدا دیارە کە دەڵێن؛ ئاسایش و ژیان بۆ ئێمە نەماوە، نابێت ئەوانی دیکەش لە ئاسایش و ژیاندا بن! قەت- قەت پەیوەندیی ئەم رژێم و ئێرانەی ئێستا لەگەڵ هیچ وڵاتێکی عەرەبی وەک پێش ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ ی لێ نایاتەوە، کوردیش هەروەها..دەیان ساڵی پێویستە ئەم ئێرانە بتوانێت ئەوەی لە پێش ٢٨ی شوبات هەیبو، بینای بکاتەوە لەهەموو ڕوویەکەوە.. ئەمریکاو ئیسرائیل پێکەوە لەم مانگەدا هەزار ئێرانی سڤیلیان نەکوشتوە، پێش دوو مانگ رژێمی ئێران زیاتر لە ٣٠٠٠٠ سی هەزار خۆپیشاندەری هاونیشتیمانیی-ئێرانییان کوشت. رژێمێک ئابورییەکەی داڕووخابێت، گەلی خۆی کۆمەڵکوژ بکات، ڕێز لە دراوسێکانی نەگرێت و، بەردەوام دەستوەردان لەکاروباری ناوچەکە وەک پیرۆزییەک لای خۆی تەماشا بکات، ڕێز لە مرۆڤ و دەوروبەری نەگرێت؛ هەر دەبێت بڕوات وەکو نازییەکانی ئەڵمان و فاشییەکانی ئیتاڵیاو بەعسییەکانی عێراق و، قەزافییەکەی لیبیا سەر بنێتەوە.

شتێکی زیاد داوا نەکراوە؛ تۆزێک ڕێز لەوانی دیکە بگرن؛ ئاخەر ئێستا ئێمە لێرەدا تاوانمان چییە؛ سەت جار گوتمان بێلایەنین، بەشێک نین لەم جەنگە، سنووری عێراق و ئێران بە تەواوەتی خۆتان دەیپارێزن و لە ژێر چاودێریی "حکومەتی بەغدا" یە... ئەو بۆڕییەی کە دوێنی دەتانوت نا قانونی و نا دەستورییەو نا بێت نەوتی کوردستانی پێدا بڕوات، ئیـمڕۆکە بە تکاو داوای خۆتان بۆمان کردونەتەوەو، قووتی خۆتانی لەسەر پەیدا دەکەن، بۆچی نازانن ڕێزی دەوروبەری خۆتان بگرن، تا ڕێزتان بگیرێت. ئیتر ئەوە بوو بە ٤٧٢ هێرش، ئۆکەی! پەیامەکەتان گەیشت..بەڵام دڵنیابن، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ جێگەی ئێوەی تیا نابێتەوە؛ نابێت، نا ئەم نەزمە نوێیە ناوچەیی و جیهانییە ئێوە بەم هەموو دڕندەیی و نەفامییەوە تیا ڕۆڵ بگێڕن. هەر بۆیە دەبێت کورد ستایشی ئەمریکا بکات [ئەگەرچی ئەمریکاکەی جارانیش نەماوە].

ئەمانەو، سەدان فاکتی دیکەش هەن کە "وەسف و سەنا" و پاڵپشتی ئەمریکاو ئیسرائیل نین، لایەنگیرییش نین، بەڵکو ڕاستییەکە پێویستی بە وتنە و، دێرۆکێکە پێویستی بە نووسینەوەیە، ڕەنگدانەوەی ئێش و ئازارەکانی کوردێک یان تاکێکی ڕۆژهەڵاتییە بە دەست نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکەوە، کە بەناوی ئاینی پیرۆز یان خورافاتی بێماناوە دەیان ساڵە شەقاوەچێتی دەکەن!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP