دواین هەواڵ

عێراق‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

تۆم باراک: عێراق لە سایەی سەرکردایەتیی زەیدیدا سەروەریی هەڵبژاردووە لەبری پاشکۆیی

هەرێم نیوز

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بەغدا لە سایەی سەرکردایەتیی ئێستایدا سەروەری و هاوبەشیی هەڵبژاردووە لەبری پاشکۆیی، و ئەمریکاش بە شانازییەوە هاوشانی عێراق لە قووڵکردنەوەی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان بەردەوام دەبێت.

ستایشکردنی سەرکردایەتیی عێراق و هاوبەشیی ئابووری
ئەمڕۆ هەینی، ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەی شەوی ڕابردوویان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان کراوە.

باراک نووسیویەتی: "عێراق لە سایەی سەرکردایەتیی زەیدیدا سەروەری هەڵدەبژێرێت لەبری پاشکۆیی، وەبەرهێنان لەبری داکشان، و هاوبەشی لەبری کارکردن وەک بریکار بۆ لایەنەکانی دیکە. ئەمریکا شانازی دەکات کە هاوشانی عێراق وەستاوە بە قووڵکردنەوەی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانمان، کردنەوەی دەرگا بەڕووی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و بەهرەمەندە عێراقییەکان، و بنیادنانی خۆشگوزەرانییەک کە سوودی بۆ هەمووان هەبێت."

دیپلۆماسی، هێورکردنەوەی گرژییەکان و بەرپرسیاریەتیی ناوچەکە
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا، لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باسیان لە ئەرکە قورسەکە کردووە، کە بریتییە لە هێورکردنەوەی گرژییە ناوچەیییەکان، کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان بەر لەوەی پەرەبسەندن، و پێشەنگیدان بە دیپلۆماسی لەبری ئاڵۆزی.

تۆم باراک جەختی کردەوە: "ئەم بەرپرسیاریەتییە بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی وڵاتانی ناوچەکەدایە؛ پێویستە لەسەر دراوسێکان ئامادە بن بەرپرسیاریەتیی ئاسایش و داهاتووی خۆیان بگرنە ئەستۆ، کە ئەمە ئەو گۆڕانکارییەیە ئێستا دەیبینین. ئەمریکا وەک هاوبەشێک لەم پرۆسەیەدا کار دەکات نەک جێگرەوەی."

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش دا کە عێراقێکی خاوەن سەروەری و ئاوەدان لە چوارچێوەی ناوچەیەکدا کە بەرپرسیاریەتیی سەقامگیریی خۆی لە ئەستۆ بگرێت، خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق، دراوسێکانیان و ئەمریکا دەکات.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP