هەرێم نیوز
⠀
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هۆشداریی سەپاندنی سزای لاوەکی دەخاتە سەر ناوی نۆ کەسایەتی و قەوارەی عێراقی، کە پێشتر بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە ئێرانەوە خرابوونە لیستی سزاکانی ئەو وڵاتەوە.
⠀
بەپێی نوێترین زانیارییەکانی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایەکانی دەرەوەی ئەمریکا، ئەو لایەنانە بریتین لە دوو بانکی عێراقی لە بەغداد، شەش کەسایەتی و کۆمپانیایەکی نەوت لە پارێزگای بەسرە، کە بەهۆی ئەم بڕیارەوە هەر لایەنێکی دەرەوەی ئەمریکا مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، ڕووبەڕووی هەمان سزای واشنتن دەبێتەوە.
⠀
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ زیادکردنی مەترسیی سزای لاوەکی لەسەر ئەو لایەنە عێراقییانە، بەشێکە لە بڕیارێکی فراوانتری واشنتن کە سەدان ناوی ناو بەرنامەی سزاکانی سەر کەرتی ئابووریی ئێرانی گرتووەتەوە.
⠀
لە لایەکی دیکەشەوە و لە چوارچێوەی هەمان ڕێکاردا، واشنتن پێنج کەسایەتی و ١٠ قەوارەی نوێی خستە لیستی سزاکانەوە بە تۆمەتی پاڵپشتیکردنی کەشتیگەلی سێبەری ئێران، کە زۆرینەیان لە وڵاتی هیندستانن و هیچ ناوێکی عێراقی لەو لیستە نوێیەدا بوونی نییە.