هەرێم نیوز
⠀
دەستەی دەستپاکیی عێراق سزای بەندکردنی توندی بۆ پەرلەمانتار عالیە نسەیف و رائید جبوری، پارێزگاری پێشووتری سەلاحەددین دەرکرد و بڕیاری گەڕاندنەوەی بڕە پارەیەکی زەبەلاحیشی بەسەردا سەپاندن.
⠀
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی 11ـی 2026، دەستەی دەستپاکی ئاشکرای کرد، کە دادگا ئەو سزایەی بەسەر هەردوو تۆمەتبارەکەدا سەپاندووە بەهۆی سوودوەرگرتنیان لە پۆستی گشتی و بەکارهێنانی بۆ مەرامی تایبەتی، هاوکات پابەندیشی کردوون بە گەڕاندنەوەی بڕی ١٠ ملیار دینار کە وەک قازانج سوودیان لێ بینیوە.
⠀
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە پێشتر و لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق رائید جبورییان دەستگیر کرد، ئەوەش دوای دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی.
⠀
لە لایەکی دیکەوە، لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا دادگا سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بۆ عالیە نسەیف بە تۆمەتی تاڵانکردنی داهاتی نادروست دەرکرد و پابەندی کرد بە گەڕاندنەوەی زیاتر لە ٦١ ملیار دینار و بڕێکی هاوشێوەش وەک پێبژاردن، هەروەها لە مانگی ئابدا بانکی ناوەندی دەستی بەسەر سەروەت و سامانی ئەو پەرلەمانتارەدا گرتبوو.