هەرێم نیوز
کەناڵی "الحرة"ی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، سەرەتای ئەم هەفتەیە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەپەلە چوار لیوای سوپای عێراقی بەرەو پارێزگای بەسڕە جووڵاندووە، دوای ئەوەی زانیاریی پێگەیشتووە کە چەند میلیشیایەکی نزیک لە ئێران پلانیان دانابوو بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتی کوێت.
جموجۆڵە ئەمنییەکانی بەسڕە و سەردانی سوپاسالاری عێراق
بەپێی بەدواداچوونەکان، تاوەکو ئێستا لە بەغداوە هیچ زانیارییەکی فەرمی لەم بارەیەوە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، فەریقی یەکەم عەبدولئەمیر یارەڵا، سوپاسالاری عێراق گەیشتە بەسڕە و چاوی بە پارێزگار و فەرماندە ئەمنییەکانی ئەو پارێزگایە کەوت.
دواتر ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی ئاشکرا کرد، سەردانەکەی سوپاسالاری عێراق بۆ دڵنیاکردنەوەی ئاسایشی هێڵی سنووری، ڕێگەگرتن لە هەر ئەگەرێکی پێشێلکاری و زیاترکردنی هەماهەنگیی نێوان فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکان بووە.
پیلانی میلیشیاکان و هەڕەشەی دەوڵەتانی کەنداو
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی کەناڵی "الحرة"، میلیشیاکان پیلانیان هەبووە لە پارێزگای بەسڕەوە، هەم لە ڕێگەی درۆن و هەم لە سەر زەمینەوە هێرش بکەنە سەر کوێت، بە تایبەتیش لە حاڵەتی توندبوونی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئێراندا. لە بەرامبەردا، باڵیۆزی یەکێک لە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، حکوومەتی عێراقی لەوە ئاگادار کردووەتەوە کە وڵاتێکی کەنداو بە نیازە هێرش بکاتە سەر بەغدا، لە کاتێکدا هێرش لە خاکی عێراقەوە ئاراستەیان بكرێت.
سەرچاوەیەک لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کردووە کە لە ئێستادا هەماهەنگییەکی بەردەوام لە نێوان سوپا و دەزگای هەواڵگریی عێراق لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لە ئارادایە، تاوەکو ڕێگری لە هەر هێرشێک بگرن کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستەی ئەو وڵاتانە بکرێت.
شکستی بەڵێنی چەککردنی میلیشیاکان
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدان کە سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکوومەتەکەی نەیانتوانیوە ئەو بەڵێنە بباتە سەر کە بۆ چەککردنی میلیشیاکان و کۆکردنەوەی چەک لە دەست دەوڵەت تاوەکو ٣٠ی ئەیلوولی ئەمساڵ دابوویان. بەمەش میلیشیاکان تاوەکو ئێستاش چەکەکانیان بە دەستەوە ماوەتەوە کە بوونەتە هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر ئاسایشی ناوخۆی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە.