دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

«کۆتایی جیهان» لە ١٣ی تشرینی دووەم؟ نهێنیی پێشبینییەکی زانستیی ٦٦ ساڵە جارێکی تر سەرنجی جیهانی ڕاکێشاوە!

هەرێم نیوز

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، گریمانەی کۆتاییهاتنی جیهان جارێکی تر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک میدیای عەرەبیدا بڵاو بووەتەوە؛ گریمانەیەک کە پەیوەندی بە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی کۆنەوە هەیە و نزیکەی ٦٦ ساڵە لەسەر بنەمای مۆدێلێکی بیرکاری باس دەکرێت. بەپێی ڕاپۆرتێکی BBC عەرەبی، سەرچاوەی ئەم چیرۆکە دەگەڕێتەوە بۆ توێژینەوەیەک کە لە ٤ی تشرینی دووەمی ١٩٦٠ لە گۆڤاری زانستیی ئەمریکی «Science» بڵاوکرایەوە، بە ناونیشانی سەرنجڕاکێشی «ڕۆژی قیامەت: هەینی ١٣ی تشرینی دووەم».

ئەم توێژینەوەیە لەلایەن سێ توێژەرەوە ئامادە کرابوو؛ هاینتز ڤۆن فۆرستەر، لەگەڵ پاتریشیا مۆرا و لۆرەنس ئەمیۆت، کە هەموویان لە بەشی ئەندازیاریی کارەبای زانکۆی ئیلیەنۆی ئەمریکا کاریان دەکرد. توێژەران بە پشتبەستن بە ٢٤ خەمڵاندنی مێژوویی لەبارەی ژمارەی دانیشتووانی جیهان، لە سەرەتای مێژووی زایینییەوە تا ساڵی ١٩٥٨، هەوڵیان دا شێوازی گەشەکردنی ژمارەی مرۆڤ لەسەر زەوی شی بکەنەوە. ئەوان تەنها لەسەر بنەمای زیادبوونی ئاساییی دانیشتووان کار نەکردبوو، بەڵکو مۆدێلێکی بیرکارییان بەکارهێنابوو کە بە «گەشەی سەربەزێنەر» یان Hyperbolic Growth ناسراوە؛

واتە ژمارەی دانیشتووان تەنها زیاد ناکات، بەڵکو خێراییی زیادبوونەکەش بە تێپەڕبوونی کات خێراتر دەبێت. بەپێی مۆدێلە بیرکارییەکە، ئەگەر ئەو شێوازی گەشەکردنە بەبێ گۆڕان بەردەوام بوایە، ژمارەی دانیشتووانی جیهان لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦دا بە شێوەیەکی تیۆری دەگەیشتە بێکۆتایی. بەڵام ئەوەی گرنگە، توێژەران بە مانای ڕاستەوخۆ پێشبینیی لەناوچوونی مرۆڤایەتییان نەکردبوو، بەڵکو دەرئەنجامی مۆدێلێکی بیرکارییان خستبووەڕوو کە مەبەستی پیشاندانی سنووری ئەو جۆرە گەشەیە بوو. ئایا بەڕاستی جیهان لە ١٣ی تشرینی دووەم کۆتایی دێت؟ نەخێر.

ئەم بەروارە هیچ پشتگیرییەکی زانستیی نییە بۆ ئەوەی ڕۆژی کۆتایی جیهان یان لەناوچوونی مرۆڤایەتی بێت. گەشەی دانیشتووان لە ڕاستیدا بەردەوام بە هەمان شێوەی مۆدێلە کۆنەکە نەماوەتەوە، چونکە گۆڕانکارییەکانی لەدایکبوون، مردن، تەندروستی و ئابووری کاریگەرییان لەسەر ژمارەی دانیشتووان هەیە. کەواتە، ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ بەروارێکی مێژووییە لە مۆدێلێکی زانستیدا، نەک بەرواری کۆتایی ژیان لەسەر زەوی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP