دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

شەپۆلەکانی تەکنەلۆژیا نەوەیەکی تەواو دەشێوێنن؛ زیادبوونی ١٣٤٪ی خەمۆکی و هەڕەشەی هەراسانکردنی سێکسیی دیجیتاڵی

هەرێم نیوز

لە ماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوودا، چەمکی منداڵی بە تەواوی شێواوە و لە جیهانی واقیعی و یارییە سەرنجڕاکێشەکانەوە گواستراوەتەوە بۆ ناو شاشە و جیهانی مەجازی، ئەوەش بەهۆی سێ شەپۆلی گەورەی تەکنەلۆژیاوە: مۆبایلە زیرەکەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، و ژیریی دەستکرد. ئەم گۆڕانکارییە خێرایە مەترسییەکی دەروونی و جەستەیی یەکجار گەورەی بۆ سەر منداڵان و مێرمنداڵان لەسەر ئاستی جیهان دروستکردووە.

بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان، نزیکەی ١٥ ملیۆن مێرمنداڵ لە سەرانسەری جیهاندا لە ڕێگەی ئەم تەکنەلۆژیایانەوە ڕووبەڕووی بینینی ناوەڕۆکی نەشیاو و نائەخلاقی بوونەتەوە. هاوکات ئامارەکانی ڕێکخراوی «یونسێف» (UNICEF) ئاشکرای دەکەن کە ٩ ملیۆن مێرمنداڵ داوایان لێکراوە بەشداری لە گفتوگۆی نەشیاودا بکەن یان وێنەی تایبەتی خۆیان هاوبەش بکەن.

لە هەمان کاتدا، بەپێی ئاماری ناوەندی نیشتمانی بۆ منداڵانی ونبوو و ئیستغلالکراو، نزیکەی ١٢ ملیۆن منداڵ و مێرمنداڵ کەوتوونەتە بەر هەوڵی باجگیری و هەراسانکردنی  سێکسیی دیجیتاڵی، کە ٦٠٪ی ئەم حاڵەتانە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پلاتفۆڕمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕوویانداوە.

ئەم دۆخە دیجیتاڵییە لێکەوتەی دەروونیی کارەساتباری بەدوای خۆیدا هێناوە؛ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تەنیا، ڕێژەی خەمۆکی لە نێوان مێرمنداڵاندا لە ساڵی ٢٠١٠وە تا ئێستا بە ڕێژەی ١٣٤٪ بەرزبووەتەوە، کە هاوکات بووە لەگەڵ تەقینەوەی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی تەندروستی لە ئەمریکا، خۆکوشتن بووەتە دووەم گەورەترین هۆکاری گیانلەدەستدان لە نێوان گەنجان و مێرمنداڵاندا؛ دۆخێک کە وایکردووە شارەزایان زەنگی مەترسی لێبدەن و داوا لە خێزانەکان بکەن بە وریاییەکی زیاترەوە چاودێریی پەیوەندیی ڕۆڵەکانیان لەگەڵ جیهانی دیجیتاڵیدا بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP