دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: لەسەر زامنکردن و بەردەوامیی مووچەی هەرێم لەگەڵ عەلی زەیدی ڕێککەوتین

هەرێم نیوز


مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی باش و ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی مووچەی هەرێم بە بەردەوامی مسۆگەر بکرێت، هاوکات مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک یەک قەوارە و بە یەک بودجە بکرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی 11ـی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەرەنجامی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ ئاشکرای کرد: 
 
"لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتینە لێکتێگەیشتنێکی زۆر باش و لەسەر ئەوە ڕێککەوتین کە هەرێمی کوردستان وەک یەک هەرێم و لە چوارچێوەی یەک بودجەی یەکگرتوودا شایستە دارایییەکانی بۆ تەرخان بکرێت."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لە پرسی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران کردەوە و ڕایگەیاند: "لەسەر بابەتی پڕۆژەیاسای بودجە، لەگەڵ بەڕێز عەلی زەیدی ڕێککەوتین کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی مسۆگەر بێت و دابەشکردنی بە شێوەیەکی بەردەوام بێت، هاوکات لەسەر سەرجەم شایستە دارایییەکانی دیکەش لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان هەردوولادا هەیە."
 
ئەم لێکتێگەیشتنە نوێیە لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر هەموارکردنەوەی بەندەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی، جیاکردنەوەی مووچە لە خەرجیی ڕاستەقینە و شایستە نەوتییەکان گەیشتوونەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP