هەرێم نیوز
ماڵئاوایی لە قەرەباڵغی و مۆڵەتی لێخوڕین؛ بازاڕی ئۆتۆمبێلە خۆلێخوڕەکان ڕووبەڕووی گەشەیەکی بێوێنە دەبێتەوە
لە داهاتوویەکی نزیکدا پێویستی بە دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری یان وەستان لە قەرەباڵغییە بێزارکەرەکانی هاتووچۆدا نامێنێت؛ جیهان لە بەردەم بازدانێکی بێوێنەی گەشەسەندنی تەکنەلۆژیای هۆکارەکانی گواستنەوەی خۆلێخوڕدایە، لە ئۆتۆمبێلی تایبەتەوە تاوەکو تاکسیی فڕیو، ڕۆبۆت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
بەپێی ئامارەکانی پێگەی (Market.us)، لە ئێستادا نزیکەی ٣٤ ملیۆن ئۆتۆمبێلی خۆلێخوڕ لەسەر شەقامەکانی جیهاندا هەن، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە ماوەی تەنها پێنج ساڵدا ئەم ژمارەیە چوار هێندە زیاد بکات و تا ساڵی ٢٠٣٠ بگاتە ١٢٦ ملیۆن ئۆتۆمبێل. هاوکات دامەزراوەی (Statista) ئاماژە بەوە دەکات کە تەنیا لە ساڵی ٢٠٣٠ـدا پێشبینیی فرۆشتنی ٥٨ ملیۆن ئۆتۆمبێلی نوێی خۆلێخوڕ دەکرێت.
لە ڕووی داراییەوە، قەبارەی ئێستای ئەم بازاڕە بە ١٩١ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، کە بەپێی توێژینەوەکانی (Precedence Research) تا ساڵی ٢٠٣٢ بەرز دەبێتەوە بۆ ١.٩ تریلیۆن دۆلار.
لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیای جیهانیی ڕاوێژکاری (McKinsey & Company) پێشبینی دەکات تا ساڵی ٢٠٣٥ تەنها بازاڕی ئۆتۆمبێل، پاس، تاکسیی ڕۆبۆتی و تاکسییە فڕیوە بێشۆفێرەکان بگاتە ٣٠٠ ملیار دۆلار. لەو هاوکێشەیەشدا، بەپێی (PwC Strategy)، پشکی وڵاتانی کەنداو زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار دەبێت.
پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم شۆڕشە تەکنەلۆژییە تەنها ڕێگەی گواستنەوە ناگۆڕێت، بەڵکو نەخشە و شێوازی شارەکان، ئاسایشی ڕێگاوبانەکان و تەنانەت کات و تێچووی ڕۆژانەی مرۆڤەکانیش بە تەواوی دەگۆڕێت.