هەرێم نیوز
⠀
زانیاریی نوێ لەبارەی پێکهاتە و ئاڕاستەی جووڵەی ئەو هێزەی سوپای عێراق بڵاودەبێتەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری لەیلانەوە بەرەو گەرمیان بەڕێکەوتووە و هێشتا نەگەیشتووەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە.
⠀
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی 11ـی 2026، بەگوێرەی بەدواداچوونە مەیدانییەکان، ئەو هێزەی لە کاتژمێر ٦:٠٠ـی بەیانیی ئەمڕۆوە لە سنووری ناحیەی لەیلانەوە بە ئاڕاستەی سنووری گەرمیان کەوتووەتە ڕێ، پێکهاتوون لە سریەی چواری فەوجی یەک لە لیوایەکی هاوبەش کە پێکهاتەکەی کوردە و سەربازی سوپای عێراقن.
⠀
بەپێی زانیارییەکان، گومان دەکرێت مەبەستی هاتنی ئەو هێزە کێڵگەی نەوتی چاڵاو خالیدە بێت کە بیری نەوتی کۆنی تێدایە و دەکەوێتە سنووری ناحیەی کۆکس (کوڵەجۆ) لە قەزای کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، لە نێوان کفری و قەرەتەپە و نزیک گوندەکانی چاڵاو خالیدە و دوانزە ئیمام.
⠀
لە ئێستادا ئەرکی پاراستنی کێڵگەی نەوتی چاڵاو خالیدە لە ئەستۆی لیوای ١٧ـی پیادەی فیرقەی ٦ـی هێزەکانی پێشمەرگەدایە و ماوەی دوو ڕۆژە هێزەکانی پێشمەرگە لەو سنوورە بە ئالیەت و چەکی قورس و سووکەوە لە حاڵەتی ئامادەباشیدان (ئینزار) و چاوەڕێی فەرمانی سەروو خۆیان دەکەن بۆ چۆنیەتیی کاردانەوەیان لە ئەگەری گەیشتنی هێزەکە.
⠀
تا ئێستا نازانرێت ئەو هێزەی سوپای عێراق بە دیاریکراوی لە کوێدا دەوەستێت و ئایا جووڵەپێکردنیان بە پرس و ڕاوێژ و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، حکومەتی هەرێمی کوردستان یان بەرپرسانی یەکێتی لە سنوورەکە بووە یان نا.