دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

سەردار عەبدوڵا: دادگای فیدراڵی تەفسیری دەستووری نەکردووە بەڵکو دەستووری هەموار کردووەتەوە

هەرێم نیوز
⠀
سەردار عەبدوڵڵا، سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت بڕیارەکەی دوێنێی دادگای فیدراڵی نادەستوورییە و دەستکاریی دەستووری کردووە، جەختیش دەکاتەوە کە کۆرمۆر سەر بە پارێزگای سلێمانییە و بەگوێرەی دەستوور حکومەتی عێراق ناتوانێت هێزی بۆ بنێرێت.
⠀

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی 11ـی 2026، سەردار عەبدوڵڵا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئینستیتیوتی بڕیاری کوردستان بەیاننامەیەک بە هەرسێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بڵاودەکاتەوە و تێیدا دەیسەلمێنن کە بڕیارەکەی دوێنێی دادگای فیدراڵی نادەستووری بووە، هاوکات ئەمڕۆ ماڵپەڕی ئینستیتیوتەکە بە دروشمی بنیاتنانی کوردستانی مەزن دەست بە پەخش دەکات.
⠀
سەبارەت بە لێدوانەکانی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق کە باسی لە ئامادەیی سوپا کردبوو بۆ چوونە هەر شوێنێک بە کەرکووکیشەوە، ناوبراو وتی، ئەرکی سوپای عێراق تەنها پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکانە و بەگوێرەی دەستوور بۆی نییە بچێتە ناو شارەکانەوە و ئەوە ئەرکی سوپا نییە.
⠀
ئەو سیاسەتمەدارە ئاماژەی بە دۆخی کۆرمۆر کرد و ڕوونیکردەوە کە کۆرمۆر سەر بە قەزای چەمچەماڵ و پارێزگای سلێمانییە و بەگوێرەی دەستووری عێراق لەژێر ئیدارەی هەرێمی کوردستاندایە، بۆیە حکومەتی عێراق ناتوانێت هێز بۆ کۆرمۆر بنێرێت.
⠀
لەبارەی دیاریکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە، سەردار عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە دا کە سنوورەکان بە دوو ماددەی دەستووریی پێکەوەبەستراو دیاری دەکرێن، یەکێکیان ماددەی ٥٣ـی یاسای ئیدارەی دەوڵەتە کە هاتووەتە ناو دەستوور و دواسنووری پێش لەناوچوونی ڕژێمی بەعس لە هێڵی شیندا دیاری دەکات و ئەوی دیکەشیان تایبەتە بە ناوچە کێشەلەسەرەکان، جەختیشی کردەوە بۆ دیاریکردنی سنووری فەرمیی هەرێمی کوردستان دەبێت هەردوو ماددەکە جێبەجێ بکرێن و ئاسەواری تەعریب و تەهجیر لاببرێن، چونکە ئەو سنوورەی ئێستا هەیە سەدام حسێن سەپاندوویەتی.
⠀
لە کۆتایی قسەکانیدا سەردار عەبدوڵڵا ڕەخنەی لە شێوازی بەکارهێنانی دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی گرت و وتی، کاتی خۆی کە ئەم دەستوورە بە هاوبەشی هەموو پێکهاتەکانی عێراق نووسرایەوە ئامانج لێی ڕزگارکردنی عێراق بوو لە دیکتاتۆرییەت و حوکمی تاکەکەسی، کەچی ئێستا هەر ئەو دەستوورە بۆ دروستکردنی هەمان شێوازی حوکمی کۆن بەکاردێت و دادگای فیدراڵیش دوێنێ لە بڕیارەکەیدا تەفسیری دەستووری نەکردووە، بەڵکو دەستووری هەموار کردووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP