دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

هۆشیار زێباری: پشتیوانی هەنگاوەکانی عەلی زەیدی دەکەین بەڵام نابێت بۆ لێدان لە قەوارەی دەستووریی هەرێم بقۆزرێنەوە

هەرێم نیوز
⠀
هۆشیار زێباری ڕایدەگەیەنێت، پشتیوانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن لە دۆسیەکانی کۆکردنەوەی چەک و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕێگری لە بەقاچاغبردنی نەوتدا، بەڵام هۆشداری دەدات کە نابێت ئەو پرسانە بۆ لێدان لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بقۆزرێنەوە.
⠀
هۆشیار زێباری لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (UTV) ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستادا قەیرانێک لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە کە چەند ڕۆژێکە پەرەدەسەنێت و ڕەهەندی سیاسیی ناوخۆیی، دەستووری و سەروەریی پەیوەست بە دەسەڵاتی دەوڵەت و سامانەکان و سنوورەکانی هەیە.
⠀
زێباری جەختی لەوە کردەوە کە نیگەرانیی ئەوان لەم قەیرانەدا لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەبێت هەمووان بگەڕێنەوە ژێر چەتری دەستوور، چونکە قەوارەی هەرێمی کوردستان دوای قوربانیدانێکی زۆر و ئەزموونێکی تاڵ دروست بووە تا گەیشتوونەتە ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییەی کە لە هەموو ناکۆکییەکاندا پەنا بۆ دەستوور ببەن.
⠀
ناوبراو ڕوونیشیکردەوە، هەندێک پرس مافی حکومەت و عەلی زەیدین و ئەوانیش پشتیوانییان کردووە و دەیکەن، وەک کۆکردنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕێگریکردن لە بەقاچاغبردنی نەوت و بەرهەمەکانی، دووپاتیشیکردەوە کە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا نییە و پێشتریش مامەڵەیان لەگەڵ مالیکی، جەعفەری، عەبادی و عادل عەبدولمەهدی کردووە، بەڵام نابێت ئەو دۆسیانە بکرێنە پاساو بۆ هەڵکوتانە سەر قەوارەی دەستووریی هەرێم.
⠀
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هۆشیار زێباری ڕەخنەی لە شێواز و خێرایی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی گرت و وتی، ٧ ماددەی دەستووری کاتژمێر ٨:٠٠ـی بەیانی خراونەتە بەردەم دادگای فیدراڵی و پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ بڕیار و لێکدانەوەیان لەسەر دراوە، کە ئەمەش خێراییەکی هاوشێوەی خێرایی هەورەبروسکەیە.
⠀
وتیشی، بە شێوەیەکی ئاسایی دەرکردنی ئەو جۆرە بڕیارانە پێویستی بە کات و وردبینی و گفتوگۆ و بەدواداچوون هەیە، بەتایبەت کە ئەو پرسانە کاتی نین و ماوەی ٢٠ ساڵە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، بۆیە لۆژیکی نییە لە یەک دانیشتن و یەک تاوتوێکردندا هەموو ئەو بابەتانە یەکلا بکرێنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP