دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاڵۆزییە تەکنیکییەکان جیهانیان گرتووەتەوە؛ ئەمجارە خزمەتگوزارییەکانی ئەپڵ و گووگڵ پەکیان کەوت

هەرێم نیوز

خزمەتگوزارییەکانی "جیمەیڵ" (Gmail) و بەشێک لە ئەپ و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی کۆمپانیای "ئەپڵ" لەوانەش "ئەپڵ پەی" (Apple Pay) و "ئای کڵاود" (iCloud)، تووشی پەککەوتن و کێشەی تەکنیکیی بەرفراوان بوون، ئەمەش بەپێی هەزاران سکاڵا و ئاگادارکردنەوەی بەکارهێنەران لە پێگەی "داون دیتێکتەر" (Downdetector) کە تایبەتە بە چاودێریکردنی لەکارکەوتنی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان.

پەڕەی فەرمیی چاودێریی سیستەمەکانی کۆمپانیای ئەپڵ پشتڕاستی کردەوە کە پەککەوتن لە کۆگای ئەپەکان (App Store) و خزمەتگوزاریی (Apple Music) ڕوویداوە، هاوکات بەکارهێنەران ڕووبەڕووی کێشەی تەکنیکی بوونەتەوە لە کاتی چوونەژوورەوە بۆ هەژمارەکانی (iCloud) کە بۆ هەڵگرتنی وێنە و نامە و داتا دیجیتاڵییەکان بەکاردێت.

ئەم شڵەژانە تەکنیکییە نوێیە تەنها چەند ڕۆژێک دوای زنجیرەیەک پەککەوتنی گەورە دێت کە ژێرخانی تەکنەلۆژیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چەندین ناوچەی دیکەی جیهانی گرتەوە و کەرتە هەستیارەکانی لە سیستەمی چاودێریی گەشتە ئاسمانییەکانەوە تا پۆستە ئەلیکترۆنییەکان پەکخست.

شەپۆلی ئەم لەکارکەوتنانە لە هەفتەی ڕابردووەوە دەستی پێکرد، کاتێک بەکارهێنەرانی خزمەتگوزاریی (Microsoft Outlook) و بەرنامە سەرەکییەکانی (Microsoft Office) لە سەرانسەری جیهاندا نەیانتوانی بچنە ناو هەژمارەکانیانەوە، و ڕۆژێک دوای ئەوەش وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکا بەهۆی کێشە لە یەکێک لە سیستەمەکانی پەیوەندیکردن، تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی لە سەرانسەری وڵاتدا ڕاگرت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP