هەرێم نیوز
ڕاپۆرتێکی نوێی دەزگای لێکۆڵینەوەی "بلومبێرگ ئینتێڵیجێنس" ئاشکرای دەکات، ئەو باڵادەستی و پێشکەوتنەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەسەر ڕکابەرە چینییەکانیاندا هەیانبوو لە بواری ژیریی دەستکرد (AI)، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو داڕماوە و گەیشتووەتە نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی، بە جۆرێک پێشکەوتنی خێرای کۆمپانیا چینییەکان و لە سەرووشیانەوە "دیپ سیک" (DeepSeek) هەڕەشە لە هەژموونی تەکنەلۆژیی واشنتن دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، جیاوازیی توانای پێشکەوتووترین مۆدێلە چینییەکان لەگەڵ ڕکابەرە ئەمریکییەکانیان تەنها بۆ ٣٪ کورت بووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمپانیای دیپ سیک لە مانگی ئەیلوول مۆدێلی نوێی (DeepSeek V4.1 Flash)ی ڕاگەیاند؛ لە کاتێکدا ئەو جیاوازییە لە مانگی ئایاردا ٩٪ و لە سەرەتای ئەمساڵیشدا گەیشتبووە ١٥٪.
بەربەستەکانی ئەمریکا شکستیان هێنا؟
ڕۆبێرت لیا، گەورە شیکەرەوە لە بلومبێرگ ئینتێڵیجێنس، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بازدانە خێرایە گومان دەخاتە سەر کاریگەریی ئەو سزایانەی واشنتن بەسەر هەناردەکردنی چیپە پێشکەوتووەکانی وەک "ئێنڤیدیا"دا سەپاندبوونی بە ئامانجی پەکخستنی تەکنەلۆژیای چین.
چین توانیویەتی لە ڕێگەی قووڵکردنەوەی شارەزایی ناوخۆیی و گونجاندنی مۆدێلەکان لەگەڵ ڕەقەکاڵا (Hardware) و چیپە ناوخۆییەکانی وەک هی کۆمپانیای "هواوی"، ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە.
دیپ سیک لە ڕیزبەندی شەشەمی جیهانیدا
مۆدێلی (DeepSeek V4.1 Flash) لەسەر پێوەری جیهانیی (LiveBench) کە توانای مۆدێلەکان لە شیکردنەوەی پرسیاری ئاڵۆز و ئەرکە هۆشمەندییەکان دەپێوێت، سەرکەوتووە بۆ پلەی شەشەمی جیهانی بە بەدەستهێنانی ٨١.١ خاڵ، کە زۆر نزیکە لە بەهێزترین مۆدێلی کۆمپانیای ئەنتڕۆپیکی ئەمریکی (Anthropic) کە خاوەنی ٨٣.٤ خاڵە.
ئاڵنگاریی قازانج و جەنگی نرخەکان
سەرەڕای ئەم سەرکەوتنە تەکنیکییە مەزنە، ڕاپۆرتەکە ڕوونی دەکاتەوە کە کەرتی ژیریی دەستکردی چین ڕووبەڕووی کێشەی نەبوونی قازانجی دارایی بووەتەوە، و پێشبینی دەکرێت بەهۆی بوونی جەنگێکی سەختی نرخ شکاندن و بوونی زیاتر لە ١١٠٠ مۆدێلی زمانیی گەورە (LLM) لەناو بازاڕی چیندا، ئەم کەرتە تاوەکو ساڵی ٢٠٣٠ نەتوانێت قازانجی ڕاستەقینە مسۆگەر بکات.
لە ئێستادا تەنها کۆمپانیای "بایت دانس" (خاوەنی تیکتۆک) لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "دۆباو"ەوە توانیویەتی داهات بەدەستبهێنێت، لە کاتێکدا خزمەتگوزارییەکانی دیپ سیک و تێنسێنت هێشتا بە خۆڕایی بەردەستن.