هەرێم نیوز
دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی دیکەی لالەزار ڕایگەیاند کە سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر بەسەر دەستبەسەرکردنیان، تاوەکو ئێستا ڕێگری لە سەردانیکردنی کەسوکار و تیمی پارێزەران دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، دانا تەقیەدین لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە بارودۆخی دەستبەسەرکراوەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جێگەی نیگەرانی بووە و ڕێگریکردن لە سەردانیکردنیان دۆخێکی نادادپەروەرانەی دروست کردووە.
هاوکات روونی کردەوە کە گیراوان بە هیچ شێوازێک ڕووبەڕووی پێشێلکاریی جەستەیی نەبوونەتەوە، بەڵام شێوازی مامەڵەکردن و ڕێکارە یاساییەکان جێگەی سەرنج و گلەیین.
سەبارەت بە دۆخی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی، گوتەبێژی تیمی پارێزەران ئاشکرای کرد کە هەردوو براکە لە یەک ژووردا دەمێننەوە و لەوێ چێشتخانە و شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین کراوە، هاوکات لاهوور شێخ جەنگی زیاتر کاتەکانی بە خوێندنەوە و نووسین بەسەر دەبات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دانا تەقیەدین ئاماژەی بەوە دا کە گیراوانی دیکەی لالەزار لە چەندین شوێن بەند کراون، لەوانە چاکسازیی گەوران، و لە هەموو زیندانەکاندا تەنیا چاکسازیی گەوران بە باشی مامەڵەی ئاساییان لەگەڵدا دەکات.
لە کۆتاییدا داوای کرد دادگاکان بە شێوازێکی بێلایەن و دوور لە دەستوەردان مامەڵە لەگەڵ دۆسییەکەدا بکەن تاوەکو مافی یاسایی گیراوان پارێزراو بێت و زووتر چارەنووسیان یەکلا بکرێتەوە.