دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

زنجیرەیەک هەڕەشەی بۆمبڕێژکردن گەشتە ئاسمانییەکانی ئەوروپا پەکدەخات

هەرێم نیوز
⠀
زنجیرەیەک هەڕەشە و زەنگی ئاگادارکردنەوەی درۆینە سەبارەت بە بوونی بۆمب، دۆخێکی ئەمنی و نائاسایی لە چەندین وڵاتی ئەوروپا دروست کردووە و بەهۆیەوە چەندین گەشتی ئاسمانی ناچار بە نیشتنەوەی بەپەلە و گۆڕینی ڕێڕەوەکانیان کراون.
⠀

لە فەرەنسا، گەشتێکی کۆمپانیای ئێر لینگوس کە لە دەبلنەوە بەرەو ڕۆما دەچوو، بەهۆی هەڕەشەیەکەوە بە سەلامەتی لە بنکەیەکی سەربازیی نزیک پاریس نیشتەوە و سەرنشینەکانی گواسترانەوە شوێنێکی ئارام. هاوکات لە وڵاتانی بولگاریا، ئیتاڵیا و بەلجیکاش بەهۆی بوونی هەڕەشەی هاوشێوە و گومانی ئەمنییەوە چەندین فڕۆکەی دیکە ناچار بە نیشتنەوەی بەپەلە کران.
⠀
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، کە پێشتر حەوت حاڵەتی دیکەی هەڕەشەی درۆینە ئاراستەی گەشتی چەند کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانیی ئەوروپی کرابوون، کە بەهۆیانەوە چەندین گەشت لە وڵاتانی پۆڵەندا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا و بولگاریا ڕێڕەویان گۆڕدرا، بەڵام دوای پشکنینەکان دەرکەوت سەرجەمیان بێ بنەما بوون و هیچ تەقەمەنییەک نەدۆزرایەوە.
⠀
هەر لە چوارچێوەی ئەم جۆرە هەڕەشانەدا، دەسەڵاتدارانی یۆنان لە بەندەری دوورگەی سیرۆس کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هەڕەشەی بوونی تەقەمەنی لەسەر کەشتییەکی گەشتیاری بە ئاڵای پەنەماوە کرا کە بەنیاز بوو بە زیاتر لە ١٥٠٠ سەرنشین و تیمەوە بەرەو ئیسرائیل بڕوات، بەڵام لە پشکنینە سەرەتاییەکاندا هیچ مەترسییەک نەسەلمێندراوە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP