دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەکسیۆس: بژاردەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران قورستر بوون

هەرێم نیوز
⠀
دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە ئەمریکا، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی ئێراندا ڕووبەڕووی بژاردەی قورس بووەتەوە و دەبێت لە نێوان دەستپێکردنەوەی جەنگ یان هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن یەکلایی ببێتەوە.
⠀
ماڵپەڕی ئەکسیۆس دەڵێت، بژاردەی یەکەمی بەردەم واشنتن بریتییە لە دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان، بەڵام ئەم هەنگاوە لە ڕووی جەماوەرییەوە پەسەندکراو نییە بەهۆی ئەوەی نرخی سووتەمەنی بە بەرزی دەهێڵێتەوە و پێشبینی ناکرێت دەرەنجامێکی سەربازیی باشتری لێ بکەوێتەوە، بەتایبەت کە پێشتر جەنگ زیانی زۆری بە پێگەی کۆمارییەکان گەیاندووە.
⠀
سەبارەت بە بژاردەی دووەم کە دانوستانە، ئەگەر بەرپرسانی تاران ڕەت بکەنەوە هیچ سازشێک بکەن، یان بەهۆی دۆخی سیاسیی ئیدارەی ئەمریکاوە هەست بە لاوازیی واشنتن بکەن و ئاستی داواکارییەکانیان بەرز بکەنەوە، ئەوا گەیشتن بە ڕێککەوتن زۆر قورس دەبێت.
⠀
لە لایەکی دیکەوە، ئەو لێدوانانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کە دەڵێت هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی شکستی لێ دەکەوێتەوە، لەگەڵ ئەو خۆشحاڵییەی تاران بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەری دەبڕێت، ڕەنگە ببنە هاندەرێک بۆ سەرۆکی ئەمریکا تاوەکو بڕیاری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و گەڕانەوە بۆ جەنگ بدات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP