هەرێم نیوز
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) ڕایگەیاند که بەهۆی پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانە چەکدارییەکان لە یەمەن لە سەرەتای مانگی ئابی ڕابردووەوە، هەشت هەزار و 513 کەس بوونەتە قوربانی، و هۆشداریشی دا لە قووڵبوونەوەی کارەساتی مرۆیی و داڕمانی کەرتی تەندروستیی ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوە دا که کۆی ژمارەی قوربانیان و بریندارانی شەڕ و پێکدادانە هەڵکشاوەکانی یەمەن لە سەرەتای مانگی ئابەوە گەیشتووەتە هەشت هەزار و 513 کەس، که لە نێویاندا هەزار و 574 کەس کوژراون و شەش هەزار و 939 کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە که تەنیا لە ماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوودا لە یەمەن 292 کەس کوژراون و هەزار و 48 کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەوەش گوزارشت لە هەڵکشانی خێرای ئاستی توندوتیژییەکان لە ناوچەکانی بەرەکانی شەڕدا دەکات، بە تایبەتی لە بەرەکانی سنووری پارێزگای تەعز و ئەو ناوچانەی دەکەونە سەر دەریای سوور.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە هۆشداریی توندی دا لە خراپتربوونی کارەساتی مرۆیی لە یەمەن که زیاتر لە 10 ساڵە بە دەست لێکەوتەکانی شەڕێکی بەردەوامەوە دەناڵێنێت، و جەختیشی کردەوە که زۆرینەی دانیشتووانی وڵاتەکە پێویستیان بە هاوکاریی خێرای مرۆیی هەیە، لە کاتێکدا سیستەمی تەندروستی بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانەوە لەبەردەم مەترسیی داڕمانی تەواوەتیدایە.
جێی ئاماژەیە که ئەو ئاگربەستەی لە نیسانی ساڵی 2022 بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی پێ کردبوو، لە مانگی تەممووزی 2026ـدا بە تەواوەتی داڕما و بووە هۆی سەرهەڵدانەوەی پێکدادانەکان.