هەرێم نیوز
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، ئامادەییی تەواوی مۆسکۆی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە سێقۆڵییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئۆکرانیا نیشان دا، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک که زامنی ئاسایشی داهاتووی هەردوو وڵات بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، پوتین جەختی لەوە کردەوە که ئەو ناوچانەی کیێڤ لەدەستی داون «خاکی ئۆکرانیا نین، بەڵکو زەوی مێژوویی ڕووسیان» و دانیشتووانی دۆنباس و نۆڤۆڕۆسیا دەنگیان بە چوونە پاڵ ڕووسیا داوە.
سەرۆکی ڕووسیا لێدوانەکانی ئەوروپای سەبارەت بە هەڕەشەی جەنگ لەگەڵ مۆسکۆ بە «شیزۆفرینیای سیاسی» وەسف کرد و دووپاتی کردەوە که نە گەلانی ئەوروپا و نە ڕووسیا نایانەوێت شەڕ لە نێوانیاندا ڕووبدات.
لە لایەکی ترەوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی «فاینانشیاڵ تایمز»، کۆمیسیۆنی ئەوروپا سوورە لەسەر ئەوەی نوێنەرانی یەکێتییەکە لە بەرزترین ئاستدا بەشداری لە گفتوگۆکانی چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیادا بکەن.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن که ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، لە ئۆسلۆ لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی و سەرکردەکانی نەرویج و فینلاند کۆبووەوە،، و دواتریش لە سان پێترسبۆرگ بۆ ماوەی نزیکەی سێ کاتژمێر لەگەڵ پوتین کۆ بووەوە.
یوری ئوشاکۆڤ، ڕاوێژکاری سەرۆکی ڕووسیا، ئاشکرای کرد که پوتین لە ڕووی پرەنسیپەوە ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لە دوای 10ی تشرینی دووەم، و ویتکۆفیش کۆبوونەوەکانی بە «بنیاتنەر» وەسف کردووە.