هەرێم نیوز
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند کە گەرووی هورمز تا ئەو کاتەی لەگەڵ ئەمریکادا دەگەنە لێکتێگەیشتنێکی فەرمی بە داخراوی دەمێنێتەوە و هەر کەشتییەکیش هەوڵی تێپەڕین بدات، ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورەی ئەمنی دەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا واشنتنی بە پەکخستنی ڕێڕەوی دیپلۆماسی تۆمەتبار کرد و جەختی لەوە کردەوە که پابەندبوونی واشنتن بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد مەرجی سەرەکییە بۆ هەنگاونان بەرەو دانوستان، چونکە سێ گەڕی پێشووی دانوستانەکان بە هێرشکردنە سەر تاران کۆتاییان هاتبوو.
عێراقچی ڕوونی کردەوە که ئامانج لە دەستپێشخەریی حەوت ڕۆژە هێشتنەوەی دەرگای دیپلۆماسی بوو، بەڵام ئەمریکا دەرگاکانی داخست.
سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز، عێراقچی دووپاتی کردەوە که نەبوونی ڕێککەوتن بە مانای بەردەوامیی کۆتوبەندەکانە لەسەر هاتوچۆی دەریاوانی، و هۆشداریی دا که گوشارەکانی ئەمریکا تاران ناچاری تەسلیمبوون ناکات و ئەگەر واشنتن و ئیسرائیل هێرش بکەنەوە، سەرجەم بژاردەکان لەبەردەستدان، هەرچەندە ئامادەباشیی سەربازیی ئێران تەنیا بۆ بەرگریکردنە.
ناوبراو دانی بەوەش نا که گەمارۆ ئابوورییەکان کاریگەریی قورسیان لەسەر بژێوی گەلی ئێران دروست کردووە،، بەڵام خەڵک لە پێناو پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتەکەیان ئەم باجە دەدەن.
لە تەوەرێکی تری چاوپێکەوتنەکەدا، سەبارەت بە گرژییەکانی دەریای سوور، عێراقچی ڕایگەیاند که تاران بەشێک نییە لەو پەرەسەندنانە و پێشڕەوییەکانی حووسییەکان بەرەو گەرووی بابولمەندەب بە مەبەستی شکاندنی گەمارۆی سەر یەمەن بووە، هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ نێوەندگیری لە نێوان حووسییەکان و سعوودیە دەربڕی.