هەرێم نیوز
مەزڵوم عەبدی، ڕاوێژکار لە سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا، ڕایگەیاند که یەکخستنی هێزە کوردییەکان لەناو دامەزراوە سەربازییە فەرمییەکانی سوریا هەنگاوێکی مێژووییە لە بەرژەوەندیی کورددا و لە ئێستادا هێزەکان بەهێزتر و کاریگەرتر دەبن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەزڵوم عەبدی لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە دانیشتوانی عاموودا ئاشکرای کرد که بڕیاری ستراتیژیی ئێستا بریتییە لە یەکخستنی سەرجەم هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای سوریا و کارکردنیان بەشێوەیەکی فەرمی لە ناوچەکانی خۆیاندا، بە جۆرێک کە دانیشتوانی ناوچەکە بەرپرسیارێتیی پاراستنی شارۆچکەکانی خۆیان دەگرنە دەست.
لەبارەی وردەکاریی دابەشبوونی هێزەکانەوە، عەبدی ئاماژەی بەوە دا که 1700 ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەبنە پاسەوانی سنوور، هەروەها پۆلیسی سەربازی، یەکەکانی کۆماندۆ، یەکەکانی دژە تیرۆر (YAT) و هێزە تایبەتەکان دوای ئەنجامدانی خولێکی کورتی مەشقکردن لە دیمەشق و ئەلنەبک، بە فەرمی دەست بە ئەرکەکانیان دەکەنەوە.
هاوکات سەدان کارمەند لە دەزگای هەواڵگریی هەسەدە دەچنە ناو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگرییەوە و لە شوێنەکانی ئێستایان بەردەوام دەبن.
ڕاوێژکار لە سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا ئەوەشی خستە ڕوو که لیوای سەربازیی تایبەت بۆ دانیشتوانی ناوچەکانی دێریک، قامیشلۆ، حەسەکە، کۆبانی و عەفرین پێكدەهێنرێن، لەوانەش «لیوای عەفرین» کە لە 1500 چەکدار پێکهاتووە، بە مەرجێک ئەم کارمەندانە تەنیا لە ناوچەی خۆیاندا بمێننەوە و هیچ چەکدارێک لە دەرەوەی ئەو ناوچانە نەهێنرێت، و جەختی کردەوە که هەسەدە ئێستا بەهێزتر و کاریگەرترە و بەشێوەیەکی فەرمی و یاسایی لەژێر چەتری دەوڵەتدا کار دەکات.