دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

مارکۆ ڕوبیۆ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان بە تاکتیکی ژێردەریاییەکانی نازی دەچوێنێت

هەرێم نیوز

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی «CNBC-TV18» هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز و کەنداو بە تاکتیکی ژێردەریاییەکانی ئەڵمانیای نازی لە جەنگی جیهانیی دووەم چواند و داوای لە هەموو جیهان کرد ئیدانەی بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییە دەریاییەکان ڕایگەیاند که دەولتێک هەیە بە ئاشکرا کەشتییە بێتاوانەکان دەکاتە ئامانج و دەیەوێت ئەو دەریاوانانە بکوژێت کە هیچ پەیوەندییەکیان بە جەنگەوە نییە، و جەختی لەوە کردەوە که ئەم دیمەنە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە نەبینراوە، چونکە ئەوان بە تەواوی تاکتیکی ژێردەریاییەکانی نازی پەیڕەو دەکەن. 

سەرەڕای ئەمەش، ئاماژەی بەوە دا که ئاستی گواستنەوەی وزە و نەوت لە گەرووی هورمزدا لە نێوان 80% بۆ 100%ی ئاستی پێش سەرهەڵدانی جەنگەکەیە.

سەبارەت بە هەڵوێستی واشنتن لەسەر جەنگی ئۆکراینا، ڕوبیۆ بەرگری لە سیاسەتی ئیدارەکەی کرد لەبارەی هەڵپەساردنی بەشێک لە سزاکان و ڕوونی کردەوە که واشنتن هەوڵ دەدات هاوسەنگی بپارێزێت لە نێوان فشارخستنە سەر لایەنەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و ڕێگریکردن لەوەی ئەو سزایانە کاریگەریی نەرێنیی گەورە لەسەر ئابووریی وڵاتانی دیکە دروست بکەن.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ ئیسلامئاباد، وەزیری دەرەوە جەختی لەوە کردەوە که پاکستان بەهۆی خاوەندارێتیی چەکی ئەتۆمی و گرنگیی جوگرافییەوە دەبێت بەشێک بێت لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، وەک چۆن حکوومەتی هیندستان ناچارە پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا هەبێت.

لە تەوەرێکی کۆتایی چاوپێکەوتنەکەشدا، سەبارەت بە دەنگۆی سەرهەڵدانی ڕەگەزپەرستی دژی ڕەوەندی هیندی لە ئەمریکا، ڕوبیۆ دووپاتی کردەوە که دژایەتیکردنی هیندییەکان دیاردەیەکی بەربڵاو نییە و کۆمەڵگەی ئەمریکی هەمیشە بە یەکڕیزی بەرەنگاری توندوتیژی بووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP