هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند که لە سەرەتای دەستپێکردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپەوە، زیاتر لە 300 هەزار ڤیزای هاووڵاتییانی بیانی هەڵوەشێنراونەتەوە، ئەمەش وەک خێراترین و بەرفراوانترین پرۆسەی کێشانەوەی ڤیزا لە مێژووی ئەو وڵاتەدا تۆمار دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، تۆمی پیگۆت،، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس» ئاشکرای کرد که ئیدارەی ترەمپ بە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر و بە شێوازێکی خێراتر لە هەر ئیدارەیەکی دیکە لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، خەریکی کێشانەوە و هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای بیانییەکانە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە دا که لە سەرەتای دەستپێکردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپەوە لە مانگی کانوونی دووەمی 2025ـەوە، زیاتر لە 300 هەزار ڤیزا هەڵوەشێنراونەتەوە، و جەختی کردەوە که واشنتن بە هیچ جۆرێک لێخۆشبوون بەرامبەر بەو هاووڵاتییە بیانییانە نانوێنێت کە یاساکان پێشێل دەکەن، یاخود دەست دەدەنە ساختەکاری و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەخەنە مەترسییەوە.
لە کۆتاییدا، دووپات کرایەوە که ئیدارەی ئەمریکا لە گرتنەبەری تەواوی ڕێکارە پێویستەکان بەردەوام دەبێت بۆ زامنکردنی ئاسایشی وڵات و تۆکمەکردنی سنوورەکانی.