هەرێم نیوز
بانکی ناوەندیی عێراق بەردەوامیی پارەدارکردنی (تەمویلکردنی) پرۆسەی هاوردەکردنی کاڵای ڕاگەیاند، هاوکات داوا لە بازرگانان دەکات کە سەردانی بانکەکانیان بکەن و لە حاڵەتی داواکردنی هەر بڕە پارەیەکی زیادەشدا دەستبەجێ سکاڵا تۆمار بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی 10ـی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا جەختی لەوە کردەوە، کە سەرجەم داواکارییەکانی حەواڵەی دارایی تایبەت بە هاوردەکردن، کە پێش گۆڕانکارییەکانی نرخی دۆلار لە ٧ـی ئەم مانگەدا وەستابوون و مەرجە پەسەندکراوەکانیان تێدابوو، جێبەجێ کراون.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، بانکی ناوەندی داوای لەو بازرگان و کۆمپانیایانە کردووە کە ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە، سەردانی بانکەکانیان بکەن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی حەواڵە دەرەکییەکانیان.
هەروەها هۆشداری داوەتە بانکەکان و داوای لە بازرگانان کردووە، ئەگەر هەر حەواڵەیەک بەبێ بیانوو دواخرا، یان داوای بڕە پارەیەکی زیادەیان لێ کرا کە پێچەوانەی ڕێنماییەکان بێت، دەستبەجێ لە ڕێگەی سەکۆی سکاڵای ئەلیکترۆنییەوە سکاڵا تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی ڕێکاری توند بەرامبەر ئەو بانکانە بگیرێتەبەر.
لە کۆتاییدا، بانکی ناوەندیی عێراق دڵنیایی داوەتە بازرگانان، کۆمپانیاکان و هاووڵاتییان کە پرۆسەی پارەدارکردنی هاوردەکردن بە شێوەیەکی ڕێکخراو بەردەوامە و دراوی بیانی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و مسۆگەرکردنی هاتنی کاڵا بۆ بازاڕە ناوخۆییەکان دابین دەکرێت.