هەرێم نیوز
سەرۆک کۆماری عێراق، لە مەرسوومێکی کۆماریدا کە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە، بە فەرمی بڕیاری دامەزراندنی سێ جێگری سەرۆک وەزیران و ١١ وەزیری نوێی بۆ کابینەکەی عەلی زەیدی دەرکرد، کە یەکێکیان وەزیری ئاوەدانکردنەوەیە لە پشکی کورد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی 10ـی 2026، بەپێی مەرسوومێکی کۆماری کە واژۆی سەرۆک کۆماری عێراقی لەسەرە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (18ـی 10ـی 2026)، بڕیاری دامەزراندنی سێ جێگری سەرۆک وەزیران و ١١ وەزیر دەرچوو.
لە مەرسوومەکەدا هاتووە، پاڵپشت بە بڕگەی حەوتەم لە ماددەی ٧٣ و بڕگەی چوارەم لە ماددەی ٧٦ـی دەستوور، و دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی ڕەها متمانەی پێ بەخشین و سوێندی یاساییان خوارد، بڕیار لەسەر دامەزراندنیان درا.
پێشتر و لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوودا، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر سێ جێگر بۆ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ١١ کاندید بۆ ئەو وەزارەتانە دا کە بەتاڵ بوون، کە یەکێکیان پۆستی وەزیری دەوڵەتە.
بەپێی ناوە پەسەندکراوەکان، جێگرەکانی سەرۆک وەزیران پێکدێن لە هەریەک لە (موحسین عەلی ئەکبەر مەندەلاوی، لەیس هادی سەید خەزعەلی، و محەممەد عەلی تەمیم).
سەبارەت بە وەزیرەکانیش، پەرلەمان دەنگی بەم ناوانە داوە: یاسر عەبدولسخەیل محەممەد مالیکی بۆ وەزیری ناوخۆ، نایف مکیف شەممەری بۆ وەزیری بەرگری، قوتەیبە غازی مەجید بۆ وەزیری پلاندانان، حەیدەر بەهائـ حوسێنی بۆ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، و یاسین محەممەد عەیساوی بۆ وەزیری ڕۆشنبیری.
هاوکات دەنگیش درا بە ڕێباز محەممەد عەبدوڵڵا حەملان بۆ وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییە گشتییەکان، محەممەد ڕەعد مووسەوی بۆ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، سەفا مەهدی کینانی بۆ وەزیری لاوان و وەرزش، محەممەد ساحیب دەڕاجی بۆ وەزیری ئابووریی دیجیتاڵی و حوکمڕانی و زانست و تەکنەلۆجیا، عەلی عەبدولهادی دوخەیلی بۆ وەزیری گەشتوگوزار، و محەممەد سەمعان کەنعان بۆ پۆستی وەزیری دەوڵەت.