هەرێم نیوز
هومام حەمودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق, ڕای گەیاند کە لێکتێگەیشتن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان چارەسەری دۆسیەی ئەمنی دەکات و بابهتهكه لە سێ قۆناغ پێك دێت که هەر ماوەی یەکێکیان سێ مانگە و بە قۆناغی ڕاگرتنی پەلامارەکان و سەلماندنی نیازپاکی دەست پێ دەکات، و ئاشکرای کرد کە ڕێککەوتن کراوە بۆ چوونە دەرەوەی سوپای تورکیا و پەکەکە و چەکداماڵینی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران.
وردەکاریی قۆناغەکانی ئەمنی و دۆسیەی هێزە بیانییەکان
هومام حەمودی لە میانەی وتارێکدا لە بەسرە ڕایگەیاند: "حکوومەت کار بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازیی بیانی لە عێراق دەکات، لەوانەش هێزەکانی تورکیا و هێزەکانی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)."
ناوبراو باسی لە بوونی ڕێککەوتنێکیش کرد بۆ دەرکردنی هێزەکانی پەکەکە و کارکردن بۆ چەکداماڵینی حیزبە کوردییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستاندا.
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی ئاماژەی بەوەش کرد که هەندێک لایەن هەوڵی تێکدانی لێکتێگەیشتنەکانی کۆنتڕۆڵکردن و ڕێکخستنی چەک دەدەن، ئەوەش هۆشیاری و تێڕوانینی قوڵ دەخوازێت بۆ پاراستنی سەقامگیری و سیستمی سیاسی.
دۆسیەی ئابووری، مووچە و هەڵوێستی چوارچێوەی هەماهەنگی
لە دۆسیەی ئابوورییدا، هومام حەمودی جەختی کردەوە که جووڵەی ئابووری پەیوەندی بە مووچە و بەردەوامیی سەقامگیرییەکەیەوە هەیە، و ئاماژەی بەوەش دا کە سەرۆکوەزیران لە بەردەم تاقیکردنەوەدایە بۆ پاراستنی نرخی فەرمیی ئاڵوگۆڕی دۆلار، هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران کردەوە سەبارەت بە وەرنەگرتنی مووچە و دەرماڵەی زیادە بۆ خۆی و جێگرەکانی.
سەبارەت بە کارکردنی چوارچێوەی هەماهەنگی، حەمودی گوتی: "چوارچێوەی هەماهەنگی دەستی کردووە بە ڕێکخستنی دۆخی ناوخۆییی خۆی لە ڕێگەی پێکهێنانی لێژنەی بەرپرس لە بەدواداچوونی دۆسیە ستراتیژییەکان." لە بارەی دۆخی ناوچەکە و جیهانەوە باسی لەوە کرد کە جیهان شایەتی گۆڕانکاریی خێرایە و ئیسرائیل ڕووبەڕووی گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتی دەبێتەوە.