هەرێم نیوز
وادیارە ترسی ڕاستەقینەی هالۆوینی ئەمساڵ لە ئەمریکا تارمایی و دەمامکە تۆقێنەرەکان نییە، بەڵکو گرانیی بازاڕ و قەبارەی وەسڵی کڕینەکانە کە خێزانەکانی تووشی شۆک کردووە. بەپێی ڕاپرسییەکی نوێی دامەزراوەی «لێندینگ تری» (LendingTree) کە لەسەر ٢ هەزار بەکاربەری ئەمریکی ئەنجامدراوە، هاووڵاتیان لە ساڵی ٢٠٢٦ـدا پەنایان بۆ کەمکردنەوەی بەرچاوی خەرجییەکانیان بردووە.
ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکە دەریدەخەن کە ئەمریکییەکان بۆ هالۆوینی ئەمساڵ تێکڕا پلانیان داناوە تەنها ١٦٢ دۆلار خەرج بکەن، ئەمەش بەراورد بە خەرجیی ١٩٢ دۆلاریی ساڵی ٢٠٢٥ بە ڕێژەی ١٦٪ کەمی کردووە. هاوکات ڕێژەی ئەو هاووڵاتیانەی کە بەشداری لە بازاڕیکردندا دەکەن لە ٩٠٪ـەوە بۆ ٨٠٪ دابەزیوە. لە نێو ئەو کەسانەشی کە بە نیازن شتومەک بکڕن، ٦١٪ـیان بڕیاریان داوە دەستبەرداری بەشێک لە پێداویستییەکان ببن؛ بە جۆرێک کە:
٣٥٪ـی کڕیاران خەرجییەکانی کڕینی شیرینی و چکلێت کەمدەکەنەوە.
٣١٪ خەرجیی کەرەستەی ڕازاندنەوە و دیکۆرات دەبڕن.
٢٩٪ دەستکاریی بودجەی تایبەت بە جلوبەرگە تایبەت و ترسناکەکان دەکەن.
مەترسیدارترین لایەنی ئەم گۆڕانکارییە داراییە لەوەدایە کە ٢٤٪ـی بەشداربووان پێشبینی دەکەن لە ڕێگەی قەرز و کارتە بانکییەکانەوە تێچووی کڕینەکانی هالۆوین دابین بکەن.
ئەم ڕێژەیە لە نێو توێژی گەنجاندا بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە؛ بە جۆرێک ٤٣٪ لە «نەوەی زێد» (Gen Z) و ٣٥٪ لە «نەوەی هەزارە» (Millennials) پەنا بۆ قەرز دەبەن، لە بەرامبەر تەنها ١٤٪ لە نەوەی ئێکس و ٢٪ لە بەساڵاچووان. ئەمەش لە کاتێکدایە کە داتاکان ئاشکرای دەکەن ٥١٪ـی ئەو کەسانەی پێشتر بۆ ئاهەنگگێڕان پەنایان بۆ قەرز بردووە، بە توندی لەو خەرجییە زیادانە پەشیمان بوونەتەوە.