هەرێم نیوز
تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان لە پایتەختەکانی ئەوروپا؛ شەپۆلێکی فراوانی خۆپیشاندان دژی گرانیی بژێوی و قەیرانی ئابووری
پایتەخت و شارە گەورەکانی کیشوەری ئەوروپا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری بوونەتەوە، کە تێیدا سەدان هەزار هاووڵاتی بەهۆی گرانیی بژێوی، کەمیی مووچە و بارگرانییە ئابوورییەکان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.
خۆپیشاندانەکان سەرەتا لە فەرەنسا و ئیسپانیاوە سەریان هەڵدا و دواتر بە خێرایی پەلیان کێشا بۆ وڵاتانی ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، پورتوگال، بەلجیکا و ئەلبانیا. ناڕەزایەتییەکان لە دژی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان، دابەزینی هێزی کڕینی مووچە، گرانیی سووتەمەنی، لەگەڵ تێکچوونی دۆخی کەرتی پەروەردە و بەرزبوونەوەی پێوانەیی تێچووی کرێی نیشتەجێبوون سەریانهەڵداوە.
بەشێک لەم ئاڵۆزییانەش پەرەی سەند بۆ کردەوەی تاڵانکردن و تێکدانی فرۆشگە گەورەکان و براندە نێودەوڵەتییە ناودارەکانی وەک Hermes، Louis Vuitton، Apple و Rolex.
ئەم شەپۆلە لە ناڕەزایەتی هاوکاتە لەگەڵ ئاشکرابوونی داتای ئابووریی مەترسیدار لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەوروپا:
قەبارەی قەرزەکان: کۆی گشتیی قەرزی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا گەیشتووەتە ١٦ تریلیۆن دۆلار.
مایەپووچبوونی کۆمپانیاکان: لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، ٩٠٠ هەزار کۆمپانیای ئەوروپی بە فەرمی مایەپووچبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە.
هەژاری و دەربەدەری: بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی ئەوروپا، ٢٧ ملیۆن کەس لە نێو وڵاتانی یەکێتییەکەدا لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و نزیکەی ٩٣ ملیۆن کەسی دیکەش لەژێر مەترسیی کەوتنە ناو هەژاریدان؛ هاوکات بەپێی ئاژانسی دەنگوباسی ئیسپانی، نزیکەی ١.٤ ملیۆن کەس لە سەرانسەری ئەوروپادا بێ شوێنی مانەوە و بێماڵن.
چاودێران و شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم دۆخە نالەبارە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەوروپا لە ئێستادا باجی ئەو بڕیار و هەڵە ئابووری، سیاسی و ئەمنییانە دەداتەوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا پیادەی کردوون.