هەرێم نیوز
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، دەست بە دابەشکردنی هاوکاریی دارایی مانگی تەممووزی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەسەر ڕزگاربووانی دەستی داعشدا کرا، و پڕۆسەکە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
خشتە و شوێنەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان
پرۆسەی پێدانی هاوکارییە داراییەکەی سەرۆکوەزیران، ڕۆژانە لە کاتژمێر ١٠:٠٠ـی بەیانی دەست پێ دەکات و ٣٥٠٠ ڕزگاربوو لێی سوودمەند دەبن.
بەپێی ئەو خشتەیەی کە دیاری کراوە، پڕۆسەکە لەم ناوچانە بەڕێوە دەچێت:
•سێشەممە، ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦: هۆڵی لالش لە ناوەندی قەزای شێخان.
•چوارشەممە، ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦: هۆڵی لالش لە ناحیەی خانکێ.
•پێنجشەممە، ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦: هۆڵی لالش لە کۆمەڵگەی دێرەبوون.
•هەینی، ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦: هۆڵی لالش - ١ لە کۆمەڵگەی شاریا.
پاشخانی کارەساتی شنگال و گرنگیی پڕۆژەکە
لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤دا، چەکدارانی ڕێکخراوی داعش هێرشیان کردە سەر قەزای شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، و بەو هۆیەوە هەزاران هاوڵاتیی ئێزدی کۆمەڵکوژ کران و هەزاران ژنیش رفێندران. دوای تێکشکاندنی داعش، بەشێکی زۆر لەو ڕزگاربووانە گەڕانەوە.
لە پێناو پاڵپشتیکردنی ئەو کەسانەی لە ڕووی دەروونی و جەستەیییەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە مانگی تەممووزی ساڵی ٢٠٢٤ـەوە مەسرور بارزانی پڕۆژەی پێدانی هاوکاریی دارایی بۆ ڕزگاربووانی ئێزدی ڕاگەیاند.
پڕۆژەکە سەرجەم ڕزگاربووانی ئێزدی لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، و لە تەنیشت پێدانی بڕە پارەیەکی مانگانەوە، ڕزگاربووان دەتوانن بە بێ بەرانبەر لە خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان سوودمەند بن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دووبارە تێکەڵبوونەوەیان بە کۆمەڵگە و دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆیان.