دواین هەواڵ

ئابوری‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

سێیەم شەپۆلی داڕمان لە ماوەی پەنجا ساڵدا؛ جەنگ و تەنگژەی گەرووی هورمز ئابووریی کەنداو بەرەو داروخان دەبەن

هەرێم نیوز

ئایا ئابوورییەکانی کەنداو بەرگەی جەنگ و ئاڵۆزییە جوگرافییەکان دەگرن؟ پێشبینیی گرژبوونەوەی توند و تاقیکردنەوەی ستراتیژییەکانی هەمەچەشنکردن
لە میانی نیو سەدەی ڕابردوودا، دەوڵەتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو ڕووبەڕووی سێیەم شەپۆلی گەورەی پاشەکشەی ئابووری دەبنەوە، کە ئەمجارەیان بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگ لە ناوچەکە و پەککەوتنی جووڵەی گەرووی هورمز و بابولمەندەب دروست بووە.

بەپێی نوێترین خەمڵاندنەکانی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی (IMF)، پێشبینی دەکرێت پێنج ئابووریی کەنداو لەمساڵدا تووشی پاشەکشە و داڕمان ببن؛ لەوانە ئابووریی کوێت بە ڕێژەی ١٦.٧٪، قەتەر بە ١٥.٦٪، بەحرەین بە ١١.٣٪، ئیمارات بە ٣.٩٪ و سعودیە بە ٣.٣٪، لە کاتێکدا تەنها سوڵتاننشینی عومان بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی دەرەوەی گەرووی هورمز پێشبینی دەکرێت گەشەیەکی ٤.١٪ تۆمار بکات. ئەم دۆخە یەکەمجارە لە مێژووی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا ڕووبدات کە سێ وڵاتی کەنداو لە یەک ساڵدا زیاتر لە ١٠٪ گرژبوونەوە لە ئابوورییەکانیاندا تۆمار بکەن.

سەرەڕای گرژییەکان، شانشینی عەرەبستانی سعودی بەهۆی بەکارهێنانی بۆریی نەوتی «ڕۆژهەڵات - ڕۆژئاوا» بۆ گەیاندنی نەوت بە بەندەری یەنبەع لەسەر دەریای سوور، هەروەها گەورەیی بازاڕی ناوخۆیی و یەدەگە داراییەکانی توانیویەتی لە ڕووی ڕێژەییەوە خۆڕاگرتر بێت؛ بەڵام هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئەم دواییەی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی ڕیاز و ئەبها و کۆمەڵگەی نەوتیی ئارامکۆ لە زەهران، هۆشداریی ئەوە دەدەن کە ئەم بووژانەوەیە لەبەردەم مەترسییەکی زۆر لەرزۆکدایە.
هاوکات کاریگەرییەکانی جەنگ تەنها لە کەرتی نەوتدا سنووردار نەبوونەتەوە؛ بەپێی ئامارەکان، ژمارەی گەشتیارانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دوبەی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بە ڕێژەی ٣١.٣٪ دابەزیوە و گەیشتووەتە ٣١.٥ ملیۆن گەشتیار، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا ٤٦ ملیۆن بووە. هەروەها یەکێتیی نێودەوڵەتیی هێڵەکانی ئاسمانی (IATA) پێشبینی دەکات هێڵەکانی فڕۆکەوانیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قازانجی ٧.٢ ملیار دۆلاری ساڵی ٢٠٢٥ـەوە بکەونە ناو زیانی ٤.٣ ملیار دۆلاری لە ساڵی ٢٠٢٦ـدا. لە لایەکی دیکەشەوە، بەهۆی مەترسییەکانی جەنگ و گۆڕینی ڕێڕەوە ئاوییەکان، تێچووی گواستنەوەی دەریایی لە بەندەرەکان سێ تا پێنج هێندە بەرز بووەتەوە.

شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنگژەی ئێستا نەک تەنها پلانەکانی هەمەچەشنکردنی داهات و دیدگای گەشەپێدانی ناچار بە پاشەکشە و پێداچوونەوە کردووە، بەڵکو دەیسەلمێنێت کە «جوگرافیا» و دەروازە ئاوییە هەستیارەکان هۆکاری سەرەکین لە دیاریکردنی چارەنووسی گەشەی ناوچەکە، کە ئەمەش وڵاتانی کەنداو ناچار دەکات بەشی زۆری داهاتەکانیان بۆ کەرتی بەرگریی ئاسمانی و پاراستنی ژێرخانی هەناردەکردن تەرخان بکەنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP