هەرێم نیوز
باسم محەمەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆژەی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی پارێزگای کەرکووک بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای "بی پی" (BP) کارا کراوە و ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتە بۆ ٤٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەگەڵ دابینکردنی ٥٠٠ ملیۆن پێ سێجا غاز؛ هاوکات ئەولەویەتی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و دانیشتووانی کەرکووک دەبێت.
ئەمڕۆ هەینی، 16ـی 10ـی 2026، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئاشکرای کرد، وەزارەتەکەی خاوەنی ستراتیژێکی بەرفراوانە بۆ ساڵانی داهاتوو، کە تەواو هاوتەریبە لەگەڵ پلانەکانی حکوومەت بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوت و غاز، لەپاڵ کۆتاییهێنان بە دیاردەی سووتاندنی غاز و دابینکردنی پێداویستییەکانی کەرتی وزەی ناوخۆ.
وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەش دا کە بەپێی گرێبەستەکە، کارەکانی هەردوو کۆمپانیای نەوتی باکوور و غازی باکوور گواستراونەتەوە بۆ دەستەیەکی هاوبەشی کارکردن لەو چوار کێڵگەیە؛ پڕۆژەکەش تەنها لە کەرتی دەرهێنانی وزەدا قەتیس نابێت، بەڵکوو جێبەجێکردنی پڕۆژەی کۆمەڵایەتی بۆ خزمەتکردنی دانیشتووانی دەوروبەری کێڵگەکان، بەشداریکردنی کۆمپانیا ناوخۆیییەکان و ڕەخساندنی هەلی کار لەخۆدەگرێت، کە ئەولەویەتی دامەزراندن دەدرێت بە گەنجان و ئەندازیاران و پسپۆڕانی کەرکووک بە ئامانجی دروستکردنی گۆڕانکاریی ئابووری لە پارێزگاکەدا.
هاوکات ناوبراو ئاشکراشی کرد کە دانوستانەکانی حکوومەتی عێراق لەگەڵ سێ کۆمپانیای گەورەی نەوتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامییان هەیە و لە ئێستادا گەیشتوونەتە قۆناغەکانی کۆتایی بۆ واژۆکردنی گرێبەستی هاوبەش.