دواین هەواڵ

کوردستان‌

 50 خولەک پێش ئێستا

سێنکتۆم: ئێران لە دەستگەیشتن بە ٢٥ ملیار دۆلاری هەناردەی نەوت بێ بەشکرا

هەرێم نیوز

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی گەمارۆ و ڕێوشوێنەکاندا، ڕێگری لە ئێران کراوە دەستی بگات بە ٢٥ ملیار دۆلار لە داهاتی هەناردەکردنی نەوت؛ هاوکات هیچ هاوردە و هەناردەیەکی دەریاییی بۆ نەماوەتەوە و بڕی ٣٥٠ ملیۆن دۆلاریش لە سەرمایەی دراوی دیجیتاڵیی (کریپتۆ) ئەو وڵاتە سڕ کراوە.

 

ئەمڕۆ شەممە، 17ـی 10ـی 2026، سێنتکۆم ڕایگەیاند جگە لەم گەمارۆ و سڕکردنانە، لە ئێستادا ئێران لە چەندین کەرتی سەرەکی و ستراتیژیی ئابووریدا ڕووبەڕووی کورتهێنانی قووڵ بووەتەوە، لەوانەش کەرتەکانی وزە، نەوت، پیشەسازیی قورس، دروستکردنی ئۆتۆمبێل، فڕۆکەوانی، بیناسازی، ئاسایش و خودی کەرتی سەربازی.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، گوشاری دارایی لەسەر سوپای پاسداران گەیشتووەتە ئاستێک کە بەپێی ڕاپۆرتە باوەڕپێکراوەکان، میلیشیاکانی لایەنگری تاران ناچار بوون پارە لە مووچەی چەکدارەکانی خۆیان ببڕن تاوەکو ڕەوانەی سوپای پاسدارانی بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە خودی سوپای پاسداران ناتوانێت شایستە دارایی و مووچەی سەربازەکانی خۆی دابین بکات.

 

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم پێشهاتانە بە ڕوونی گوزارشت لە بێتواناییی تاران دەکەن لە دابینکردنی دارایی و بودجە بۆ گرووپە چەکدارەکان، تۆڕە تاوانکارییەکان و هێرشەکانی دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی؛ لە هەمان کاتیشدا توانای تاران بۆ نوێکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی چەکە تێکشکێنراوەکان و کارگە و دامەزراوە پیشەسازییە لەناوچووەکانی پەکخستووە، ئەمەش نیشانەی سەرهەڵدانی دۆخێکی گەورەی بێهیوایییە لەناو ڕیزەکانی سوپای پاسداراندا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP