هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، بازاڕی عێراق دەرفەتێکی بازرگانیی ئومێدبەخش بۆ کۆمپانیا و هەناردەکارە ئەمریکییەکان دەڕەخسێنێت و بەغداش بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی.
ئەمڕۆ هەینی، 16ـی 10ـی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی بیانی زیاتر ڕابکێشێت و کەرتە پیشەسازییە ناوخۆیییەکانی خۆی بەهێز بکات؛ لەو چوارچێوەیەشدا بازاڕی عێراق دەرفەتێکی بازرگانیی گونجاو و هیوابەخش بۆ کۆمپانیاکان و کەرتی هەناردەکردنی ئەمریکا پێشکەش دەکات.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، سەرەڕای ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانەی کە هێشتا ڕووبەڕووی ژینگەی بازرگانی و کارکردن لە عێراق دەبنەوە، بەڵام گرێبەستە حکوومییەکان بەتایبەت لە کەرتی وزە و نەوتدا، دەبنە دەروازە و دەرفەتی گەورە بۆ فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بەگەڕخستنی سەرمایە لەو وڵاتەدا.