دواین هەواڵ

ئابوری‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

ماڵپەڕی شەفافییەت: داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی زیاتر لە ٩ ملیار دینار بووە و بە ڕێژەی نزیکەی ٦٪ کەم بووەتەوە

هەرێم نیوز

ماڵپەڕی شەفافییەت بڵاوی کردەوە کە داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی لە ڕێکەوتی ١٠ی تشرینی یەکەمی تاوەکو ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بڕی زیاتر لە ٩ ملیار و ٩٠٨ ملیۆن دینار بووە، کە ٨٢٪ی داهاتەکەش بەشێوەی نەختینەیە، و ئەمەش بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو بە ڕێژەی ٦.٢٩٨٪ کەم بووەتەوە.

ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ چاودێری و ڕێکخستنی داهاتە نانەوتییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان، داهاتی یەک هەفتەی بەم شێوەیە ڕاگەیاند: کۆی گشتیی داهات بریتی بووە لە ٩ ملیار و ٩٠٨ ملیۆن و ٧٠ هەزار و ٨٤ دینار.

لەو بڕە، ٨ ملیار و ١٥٢ ملیۆن و ٣٠٧ هەزار و ٦١٤ دینار، کە دەکاتە ٨٢٪ی داهاتەکە، بە شێوەی نەختینە بووە، و بڕی ١ ملیار و ٧٥٥ ملیۆن و ٧٦٢ هەزار و ٤٧٠ دیناریشی، کە دەکاتە ڕێژەی ١٨٪، بە شێوەی چەک بووە.

جێی ئاماژەیە داهاتی هەفتەی پێشووتری سلێمانی (لە ٣ی تشرینی یەکەم تاوەکو ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦) بڕی ١٠ ملیار و ٥٧٣ ملیۆن و ٩٩١ هەزار و ٩٧١ دینار بوو، بەمەش ڕێژەی داهاتی هەفتەی ڕابردوو بە ڕێژەی ٦.٢٩٨٪ دابەزیوە.

پێکهاتەی پڕۆژەکە
ماڵپەڕی شەفافییەت داهاتەکانی هەر شەش گەنجینەکەی پارێزگای سلێمانی ئاشکرا دەکات کە پێک دێن لە ٢٨ وەزارەت و دەستە، لەگەڵ ١٠٩ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و ٥١٦ بەڕێوەبەرایەتی، هەروەها ٧٨١ فەرمانگە و چوار هۆبە لە خۆ دەگرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP