هەرێم نیوز
داتاکانی نووسینگەی ئاماری ئەوروپی (Eurostat) دەریدەخەن کە فەرەنسا کەوتووەتە نێو قەیرانێکی دارایی قووڵ کە وەک «بۆمبێکی تەوقیتکراو» وەسف دەکرێت و مەترسیی ڕاستەقینە بۆ سەر سەقامگیریی کیشوەری ئەوروپا دروست دەکات. کۆی قەرزەکانی پاریس گەیشتووەتە ٤ تریلیۆن دۆلار، کە دەکاتە ١١٩٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP)ـی ئەو وڵاتە؛ بە واتایەکی دیکە، قەرزەکان لە تەواوی قەبارەی ئابووریی فەرەنسا گەورەتر بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی بانکی «دۆیچە بانک» (Deutsche Bank)، فەرەنسا لە ساڵی ١٩٧٤ـەوە (بۆ ماوەی ٥٠ ساڵی لەسەریەک) هیچ کاتێک زیادەی لە بودجەدا تۆمار نەکردووە و بەردەوام لە کورتهێناندا بووە.
هاوکات ئاژانسی «بلومبێرگ» ئاشکرای کردووە کە تەنیا تێچووی سوودی قەرزەکانی فەرەنسا لە ساڵی ٢٠٢٧ـدا لە ١٠٠ ملیار دۆلار تێپەڕ دەکات، کە ئەم بڕە لە تەواوی بودجەی کەرتی پەروەردە و فێرکردنی وڵاتەکە گەورەتر دەبێت.
ئەم هۆکارانە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی سوودی قەواڵە داراییەکانی فەرەنسا بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا.
مەترسییەکە لەوەدایە کە قەبارەی قەرزەکانی ئێستای فەرەنسا نزیکەی ١٠ هێندەی ئەو قەرزانەیە کە لە ساڵی ٢٠١٠ـدا بوونە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی یۆنان و هەژاندنی ئەوروپا.
لەم چوارچێوەیەدا، پۆڵ کروگمان، ئابووریناسی ناودار و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ هۆشداری دەدات لەوەی کە قەیرانی فەرەنسا دەتوانێت قەیرانێکی گەورەی قەرز لە تەواوی ناوچەی یۆرۆدا دروست بکات و زیان بە یەکپارچەیی و یەکێتیی ئەوروپا بگەیەنێت.
سەرەڕای ئەوەی تەواوی قەرزەکانی فەرەنسا تەنیا نزیکەی ١٠٪ـی کۆی قەرزەکانی ئەمریکایە (کە ٤٠ تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە)، بەڵام بەهۆی پێگەی بەهێزی دۆلار لە جیهاندا، ئەمریکا دەتوانێت بەرگەی بگرێت، لە کاتێکدا وڵاتانی ئەوروپا بەدەست قەیرانە قووڵە ئابوورییەکانیانەوە دەناڵێنن.