هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی مامۆستایانی گرێبەست و ئەو فەرمانبەرانە دەکرێت کە لە دوای ١ـی تەممووزی٢٠٢٤ دامەزراون و پرۆسەکە تا ڕۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ـی تشرینی یەکەمی٢٠٢٦، ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی مامۆستایانی گرێبەستی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکرێت و تا ڕۆژی پێنجشەممە (٢٢ی تشرینی یەکەم) سەرجەمیان مووچەکانیان وەردەگرن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە هەمان کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەش دەکرێت کە لە دوای ڕێکەوتی (1ـی تەممووزی ٢٠٢٤) بە شێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم دامەزراون و تەواوی شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.